سیڤان عەباس گۆرانییەکی بە ئاوازی عەدنان کەریم بڵاوکردەوە

سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی بە ناوی "شەستەی بەهاران"، بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت: "خاڵە عەدنان لە ساڵی 2001 ئەو ئاوازەی بۆ من ناردووە، بەڵام پێی گوتم جارێ گۆرانییەکە تۆمار مەکە تا موزیک دەخوێنیت و پەیمانگە تەواو دەکەیت."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەمموزی 2026، سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ـی گوت: "گۆرانی "شەستەی بەهاران"، لە تێکستی حەسیب قەرەداخییە، عەدنان کەریم ئاوازی بەرهەمەکەی داناوە، راستی جەمال کوردی، کاری ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکەی داناوە، لە ستۆدیۆی ماڵی مۆزیک لە لایەن مامۆستا عەباس تۆمار کراوە، هەروەها مەحموود کەمال، کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووه."

سیڤان عەباس گوتیشی: "ئەو گۆرانییە لە ساڵی 2019 تۆمارم کردووە، بەڵام خاڵە عەدنان لە ساڵی 2001ـەوە ئەو ئاوازەی بۆ من ناردووە، بەڵام پێی گوتم جارێ گۆرانییەکە تۆمار مەکە تا بەشی موزیک دەخوێنیت و پەیمانگە تەواو دەکەیت، منیش دوای 18 ساڵ ئێستا پێم باش بوو گۆرانییەکە بڵاو بکەمەوە و هیوادارم بە دڵی هەموو لایەک بێت."

سیڤان عەباس، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دانیشتووی شاری سلێمانییە. بەشی موزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. خوشکەزای هونەرمەندی ناسراوی کورد عەدنان کەریمە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بە خۆی هەیە.