عەبدوللەتیف ئەحمەد: ماوەیەک پشوو دەدەم و گوتار نادەم
دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد، رایگەیاند کە بەهۆی "بوونی فشارێکی زۆر" لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی، بڕیاری داوە بۆ ماوەیەکی کاتی لە گوتاری ئایینی دووربکەوێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی حوزەیرانی 2026، عەبدوللەتیف ئەحمەد لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بڕیارێکی "ناڕەوا و بێ بنەمای یاسایی" بەرامبەری دراوە و لە وەزیفەکەی دوورخراوەتەوە، لە ئێستاشدا فشارێکی زۆر خراوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف بۆ ئەوەی ڕێگری لە گوتاردانی بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری دوورکەوتنەوەکەی، ناوبراو چەند خاڵێکی روون کردووەتەوە:
_ دکتۆر عەبدوللەتیف دەڵێت "هەرچەندە لەلایەن ئەوقافەوە پێم ڕاگەیەندرا کە بەردەوام بم لە پێشکەشکردنی وتارەکانم، بەڵام من چاک دەزانم کە فشاری زۆر و قورسیان لەسەرە."
_ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، "پیلانێکی زۆر گەورەترە لەوەی دەبینرێت."
_ بۆ سووککردنی باری سەر شانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی، بڕیاری داوە بۆ ماوەیەک پشوو بدات و گوتار پێشکەش نەکات.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، عەبدوللەتیف جەختی کردووەتەوە کە ئەم دوورکەوتنەوەیەی "کاتی" دەبێت و لە ڕێگەی دادگاوە هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی هەموو مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆی دەدات.