هەرێمی کوردستان میوانداری لووتکەیەکی ئابووریی نێودەوڵەتی دەکات

بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان، شاری هەولێر میوانداری لووتکەیەکی گرنگ دەکات لە ژێر ناوی "لووتکەی دۆستایەتی هەولێر، تورکیا و ئازەربێجان". سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، وردەکارییەکانی ئەم کۆنفڕانسە دوو ڕۆژەیەی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 خستەڕوو.

ئەمرۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی لووتکەکە بریتییە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لە بوارەکانی لۆجستی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 250 بۆ 300 بازرگان، کەسایەتی ئابووری و بەرپرسی باڵا لە هەر سێ لایەنەکە تێیدا بەشدار دەبن.

لە لێدوانەکەیدا، گەیلان حاجی سەعید جەختی کردەوە، ئازەربێجان ئارەزوویەکی زۆری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان داوە و ئەم کۆنفڕانسەش لەسەر ئەو بنەمایە رێکخراوە. لووتکەکە زیاتر جەخت لەسەر کەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازی دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئاسۆکانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێم فراوانتر بکرێن.

کۆنفڕانسەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژی یەکەم: تەرخانکراوە بۆ کۆبوونەوەکانی لووتکە و گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی بازرگانی، رۆژی دووەم: شاندە بازرگانییەکان سەردانی مەیدانی بۆ کارگە و کارخانەکانی شاری هەولێر و شوێنە مێژووییەکان ئەنجام دەدەن، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاشنابوون بە تواناکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

ئەم هەنگاوەی ژووری بازرگانی هەولێر وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستی راستەوخۆ لە نێوان بازرگانانی ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی زیاتری بازاڕی هەرێمی کوردستان.