لوقمان سەلیم بە گۆرانی "ئازار" پەیامی وەفا و خۆشەویستیی بڵاوکردەوە

لوقمان سەلیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی خۆی لەژێر ناوی "ئازار"، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "چیرۆکی ئەم بەرهەمەم لەسەر وەفاداری و خۆشەویستیی راستەقینەی نێوان دوو هاوسەر بنیات نراوە؛ دوو کەس کە پاش تێپەڕبوونی ساڵان و گەیشتن بە تەمەنی پێگەیشتوو، هێشتا هەمان سۆز، رێز و دڵسۆزیی سەرەتایان بۆ یەکتری پاراستووە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، لوقمان سەلیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە تێکستی مازیار فایەقە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، هەروەها کاری دابەشکردن و ئامادەکردنی موزیکەکە لەلایەن ‌پێشەوا محەمەدی دانراوە، لەگەڵ ئەوەش دا کاری ڤیدیۆ کلیپەکە بە ژیری دەستکرد لەلایەن وەلید جاف دروست کراوە."

لوقمان سەلیم گوتیشی، "چیرۆکی ئەم بەرهەمەمە لەسەر وەفاداری و خۆشەویستیی راستەقینەی نێوان دوو هاوسەر بنیات نراوە؛ دوو کەس کە پاش تێپەڕبوونی ساڵان و گەیشتن بە تەمەنی پێگەیشتوو، هێشتا هەمان سۆز، رێز و دڵسۆزیی سەرەتاییان بۆ یەکتری پاراستووە."

 ئەو هونەرمەندە زیاتر باس لە چیرۆکی بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەم چیرۆکە وێنەیەکی جوان لە ژیانی هاوسەران پێشکەش دەکات و ئەوە پیشان دەدات کە خۆشەویستیی راستەقینە بە پاراستنی وەفا و هاوبەشی لە هەموو قۆناخەکانی ژیاندا مانای راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە."

لوقمان سەلیم، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1972 لە سلێمانی لە دایكبووە، لە ساڵی 1990 دەستی بە كاری هونەری كردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.