حەماس هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتەکەی لە غەززە راگەیاند

کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی حەماس (وێنە: AFP)
کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی حەماس (وێنە: AFP)

حەماس لیژنەی فریاگوزاریی حکوومی لە کەرتی غەززە هەڵوەشاندەوە و سەرۆکی لیژنەکەش دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەم هەنگاوە بە چەواشەکاری ناوزەد دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تەمموزی 2026، باسم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە نێو کەرتی غەززەدا، رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل؛ لیژنەی فریاگوزاریی حکوومی هەڵدەوەشێنێتەوە و سەرۆکی لیژنەکەش دەست لەکار دەکێشێتەوە، بۆ ئەوەی ئەرکە کارگێڕییەکان رادەستی لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززە بکرێن. 

ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئامادەکارییە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ پرۆسەی رادەستکردن و وەرگرتنی سیستەمی حکوومی لە غەززە تەواو بوون. روونیشی کردەوە، ئەم رێکارانە بە شێوەیەکی فەرمی و شەفافانە خراونەتە بەردەم تیمی نیشتمانیی نوێنەری لایەنەکان و هێزە فەلەستینییەکان، لیژنەی باڵای هۆزەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئامادەبوونی نوێنەری چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژی حەماس باسی لەوەش کرد، دامەزراوە حکوومییەکانی کەرتی غەززە لە قۆناخەکانی پێشوودا چەندین هەنگاوی کردارییان ناوە و چەندین جار ئامادەیی تەواویان دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی ئەمانەتی حوکمڕانی بە لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززە. 

 لە بەرانبەردا دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتەکەی حەماس چەواشەکارییەکی میدیاییە، سەرجەم ئەندامانی بزووتنەوەکە سەرەڕای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەیان لە پۆستەکانیان دەمێننەوە. بەرپرسەکە گوتوویەتی، هەڵوەشاندنەوەکە هیچ واتایەکی نییە.

ئەم بڕیارە بە گۆڕانکارییەکی سیاسیی بەرچاو بۆ حەماس دادەنرێت لەوەتەی لە ساڵی 2007 دوای رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح کەرتی غەززەی کۆنترۆڵ کردووە.

پاش ئەوەی ئیسرائیل لە مانگی ئاداری ساڵی 2025 عیسام دەعالیس، سەرۆکی لیژنەی حکوومیی کوشت، محەممەد فەڕا پۆستەکەی وەرگرت. فەڕا پێشتر پۆستی وەزارەتی حوکمڕانیی ناوخۆیی و شارەوانییەکانی بەدەستەوە بوو و سەرۆکایەتیی لیژنەی حکوومیی دەکرد کە پێکهاتبوو لە 20 ئەندام. 

بە گوێرەی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێویستە حەماس دەستبەرداری بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە ببێت و دەسەڵات رادەستی "لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززە" بکات، کە پێکهاتووە لە کەسانی تەکنۆکرات و بێلایەن بە سەرۆکایەتیی عەلی شەعس.