لە ستۆکهۆڵم یادی ریفراندۆم بەرز راگیرا

رەوەندی کوردی: خەونی سەربەخۆیی دەبێتە راستی

لە پایتەختی سوید، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرز راگرت. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە ریفراندۆم سەلمێنەری مافی شەرعی و نەگۆڕی گەلی کورد بووە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و ئەو ئامانجە لە داهاتوودا دەبێتە واقیع.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا لە شاری ستۆکهۆڵم، کە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانەوە رێکخرابوو، کوردستانییانی نیشتەجێی وڵاتی سوید بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، یادی دەنگدانی 25ی ئەیلوولی 2017یان کردەوە.

رۆشنا مەگروون، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یادە بۆ هەموو تاکی کورد جەژنێکی نیشتمانییە و ریفراندۆم خەونی گەورە و بچووکی هەموو کوردێک بوو و بەردەوام لە دڵی هەموواندا وەک ئومێدێک دەمێنێتەوە؛ دڵنیایین رۆژێک لە رۆژان دەبینە خاوەنی وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان."

جەختی لە یەکڕیزیی نێوخۆیی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونە بۆ یەکخستنی ماڵی کورد بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر.

هەروەها سەلام جزیری، چالاکوانی دێرینی کورد لە وڵاتی سوید، سەرنجی خستە سەر گۆڕانکارییە مێژووییەکانی دۆزی کورد و رایگەیاند، پێش 45 ساڵ کاتێک گەیشتە سوید، ناوی کورد بە تەواوی نادیار بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسییەوە بووەتە پرسێکی جیهانیی دانپێدانراو.

جزیری ئاماژەی بە پێگەی سیاسیی بەهێزی رەوەندی کوردی لە سوید کرد و گوتی: "لە دواین هەڵبژاردنەکانی سویددا، نزیکەی 192 کەسایەتیی کورد بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و حەوت پەرلەمانتاری کوردیش چوونەتە نێو پەرلەمانی وڵاتەکە. ئەم دەستکەوتانە دەریدەخەن کە مافی سیاسیی نەتەوەیەکی 50 ملیۆنی چیدی پشتگوێ ناخرێت و ناتوانرێت رێگری لە دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسینیان بکرێت."

هەروەها عیسمەت میرخان چالاکوانی سیاسی، بەشداریکردنی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بە خۆشترین و شکۆدارترین رۆژی ژیانی ناوبرد؛ ئاماژەی بە رۆڵی نەوەی نوێی کورد لە دەرەوەی وڵات لە بوارەکانی وەرزش، کولتوور، زانست و دیپلۆماسیدا و رایگەیاند، گەنجانی کورد بە توانستێکی سەردەمیانەوە پرسی نیشتمانەکەیان بە جیهان دەناسێنن.

عیسمەت میرخان دووپاتیشی کردەوە، ئاوەدانی و پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بنەمایەکی پتەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایەی کە گەلی کوردستان لە ریفراندۆمدا بە کۆدەنگی دەنگی بۆ دا.