رێنووسی کوردی لە قوتابخانەکان رێکدەخرێتەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو رێکخستنەوە و بەستانداردکردنی رێنووسی زمانی کوردی، نامیلکەیەکی تایبەتی ئامادە کردووە، ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنیی مامۆستایانی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو رێکخستنەوە و هەنگاونان بەرەو ستانداردکردنی زمانی کوردی، نامیلکەیەکی بەناوی "پوختەی رێنووس و خاڵبەندی، دەفتەری گیرفانی مامۆستایان و نووسەران" ئامادە کردووە. 

لە نێو نامیلکەکەدا تەواوی وردەکارییەکان بە نموونەی دیار و جیاوازەوە لەسەر رێنووسی زمانی کوردی خراونەتەروو و بۆ مامۆستایان و بەکارهێنەران روونکراونەتەوە.

ئەم هەنگاوە دڵخۆشیی مامۆستایانی بەگشتی و مامۆستایانی زمانی کوردی بەتایبەتی لێکەوتووەتەوە. لەم بارەیەوە چەند مامۆستایەکی زمانی کوردی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگەی دەستخۆشییە، هیواداریشن لە ناوەندەکانی خوێندندا گرنگیی پێ بدرێت و بەتەواوی بچەسپێندرێت.

مامۆستایان پێیان وایە تەنیا ئەوان سوودی لێ وەرناگرن، بەڵکوو دەکرێت هەموو هاووڵاتییەک سوود لەو نامیلکەیە وەربگرێت لەبەر ئەوەی هەمووان پێویستیان پێی دەبێت. 

پرۆژەکە وەک هەنگاوێک بۆ بەستانداردکردنی زمانی کوردی دەبینرێت، تێیدا شێوازی نووسین و بەتایبەتی ئەو شێوازانەی بۆ چەندین ساڵە گفتوگۆ و رای جیاوازیان لەسەر بوو روونکراونەتەوە، هەروەها لەلایەن پسپۆڕان و زمانزانانەوە ئامادە کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیار بوو ئەم نامیلکەیە تاوەکوو دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن ئامادە بکرێت، بەڵام پێش وادەی خۆی تەواو کراوە و لە ئێستادا بۆ مامۆستایان و بەکارهێنەران بەردەستە.