ماکرۆن: فەرەنسا کار بۆ داڕشتنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ سووریا دەکات

ماکرۆن جەخت لە یەکپارچەیی سووریا و رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی دەکاتەوە

سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی سووریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان لە دیمەشق ئەنجامدا؛ تێیدا سەرۆکی سووریا جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی بنیاتنانەوە و رووبەڕووبوونەوەی تێکدەران کردەوە، لە بەرامبەردا ماکرۆن پاڵپشتیی کەرتی پەروەردەیی و کولتووریی وڵاتەکەی بۆ سووریا دووپات کردەوە و ئاشکرای کرد کە فەرەنسا بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ لە موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی بنەماڵەی بەشار ئەسەد بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان دەگەڕێنێتەوە بۆ گەلی سووریا.

سێشەممە، 7ی تەممووزی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سووریا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان لە دیمەشقی پایتەخت کرد.

سەرۆکی سووریا لە قسەکانیدا سوپاسی سەرۆکی فەرەنسای کرد و ئازایەتی وڵاتەکەی لەم کاتە هەستیارەدا بەرز نرخاند و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو، تەقینەوەیەک لێرە روویدا، بەڵام ئەو راگەیەندراوێکی دەرکرد و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سەردانەکەی و تەواوکردنی کارنامەی گەشتەکەی کردەوە.

شەرع گوتیشی: بە دڵنیاییەوە، لە سووریا خەڵکێکی زۆر هەن کە زیانمەند دەبن لە سەرکەوتنەکانی ئێستای وڵاتەکە، و دەیانەوێت پێگەی ئێمە تەسەک بکەنەوە؛ ئەو کەسانەی هەمیشە بەدوای وێرانکردن و تێکدانی وڵات بوون، بۆیە لەوانەیە هەندێک کردەوەی تێکدەرانەی لەم شێوەیە رووبدەن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە شێوازێکی چڕ بەردەوامن و بڕوام وایە لە نزیکترین کاتدا بکوژان و ئەنجامدەرانی ئەم کارە تاوانکارییە دزێوە دەستگیر دەکرێن.

سەرۆکی سووریا جەختی لە بەردەوامی پرۆسەی بنیاتنانەوەی سووریا کرد و ئاماژەی دا، "ئێمە چەندە سووریا ئاوەدان بکەینەوە، هێندە رێگەکە لەو تێکدەرانە تەسەک دەکەینەوە کە یاری بە چارەنووسی نیشتمانەکان دەکەن."

لەلای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن هاوخەمیی خۆی بۆ بریندارانی رووداوەکەی دیمەشق دەربڕی و جەختی لە چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە داهاتووی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

ماکرۆن ئاشکرایکرد کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی کارە کولتووری و پەروەردەییەکان لە سووریا، بەتایبەت لە رێگەی پشتگیریکردنی رێکخراوی "ئەلیف" (Aliph)، جەختیشی لە گرنگیی دووبارە کردنەوەی قوتابخانە مەسیحییە فەرەنسی زمانەکان (فرانکۆفۆن) کردەوە کە لە لایەن رژێمەکەی پێشووی بەشار ئەسەدەوە ناچارکرابوون دابخرێن. ماکرۆن رایگەیاند، ئەوان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی "کۆمەکی رۆژهەڵات" کار دەکەن تا سەرجەم ئەو قوتابخانانە لە زووترین کاتدا بکرێنەوە

سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاند، فەرەنسا وەک یەکەم وڵات هەنگاوی یاسایی ناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکانی بنەماڵەی دیکتاتۆری پێشوو؛ ئاشکرای کرد، بڕی زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ لەم دۆسیەیەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بە تەواوی دەگەڕێنرێتەوە بۆ گەلی سووریا بە ئامانجی دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و چاکسازیی مادی لە سەر خاکی سووریا.

ماکرۆن جەختی لە پێویستیی داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ لوبنان کردەوە، و ئاماژەی بەوە دا، هەمان ئەم پرەنسیپە یاساییە نێودەوڵەتییانە بۆ سەروەریی خاکی سووریاش جێبەجێ دەبن

گوتیشی: فەرەنسا لەسەر بەڵێنی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەردەوامە. لەبەر ئەوە، لە سایەی ئەو چوارچێوەیەی کە ئێستا سەرقاڵی داڕشتنەوەین، ئامادەین لە ڕێگەی هێزە تایبەتەکانمانەوە پشتیوانیی بکەین لە شەڕی دژی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان."

سەرۆکی فەرەنسا ئەوەشی خستە ڕوو کە پاریس ئامادەیە بەدواداچوون بۆ ئەو هاوبەشییانەش بکات کە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ پڕچەککردن و پێشخستنی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی سووریا.

ماکرۆن لە دڕێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە سووریا بە تەواوی شایستەی ئەم یەکڕیزی و پاراستنی سەروەرییەیە، هاوشانی رێزگرتن لە گەلەکەی لە سەرجەم پێکهاتە و چینە جیاوازەکانیدا.

سەرۆکی فەرەنسا روونیکردەوە، هێنانەدی و پاراستنی ئەم یەکڕیزییە لە پلەی یەکەمدا پەیوەستە بە خودی گەلی سووریاوە، هاوشانی ئەو کارە گرنگانەی کە حکوومەتی ئێستای سووریا لە کایەکانی دابینکردنی ئاسایش، پەروەردە و بووژاندنەوەی کەرتی ئابووریدا ئەنجامیان دەدات.

سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: ئەمە بوارێکە، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە فەرمییەکان رۆڵی گرنگی تێدا بگێڕن، و ئەرکی ئێمەش وەک فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی ئەم رێڕەوە چاکسازییە دیپلۆماسییە.

ماکرۆن هۆشداریی دا لە هەوڵدان بۆ تێکدانی هاوسەنگیی ناوخۆیی سووریا لە رێگەی دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکانەوە و جەختی کردەوە، "پێم وایە ئێمە زۆر بە هەڵەدا دەچین ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە دەتوانین پێکهاتەیەکی گەلی سووریا بەسەر پێکهاتەیەکی دیکەدا سەرکەوتوو بکەین، بەتایبەتی کاتێک مرۆڤ لە دەرەوەی وڵاتەوە قسە دەکات."

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەیە بۆ پێویستیی هێشتنەوەی چارەسەرەکان لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی نێوخۆیی سووریدا، بەبێ دەستوەردان و گرتنەبەری سیاسەتی دەرەکیی نادروست