فەرهاد سەلام: رۆمانی سەفەر لە ترپەی پێی ماچێکدا بڵاو کردەوە

فەرهاد سەلام، نووسەر و رۆماننووسی کورد، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "سەفەر لە ترپەی پێی ماچێکدا" بڵاو کردەوە و دەڵێت "من لەم رۆمانەدا تەنیا چیرۆکی تاکێک ناگێڕمەوە، بەڵکو دەنگی هەزاران گەنج و کۆچبەری کورد دەگێڕمەوە کە بەهۆی جەنگ، نائارامی و نائومێدییەوە، ناچار بوون نیشتمانی خۆیان جێ بهێڵن."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، فەرهاد سەلام، نووسەر و رۆماننووسی کورد بە کوردستان24ـی گوت "ئەو کتێبە رۆمانێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤانەیە کە بە شێوەیەکی کاریگەر ژیانی گەنجێک دەگێڕێتەوە؛ گەنجێک کە بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە ناچار دەبێت نیشتمانی خۆی جێ بهێڵێت و بەدوای خەونێکی باشتردا، سەفەرێکی دوور و پڕمەترسی دەست پێ بکات. بەڵام ئەوەی لە خەیاڵیدا وێنای دەکات، زۆرجار لەگەڵ ئەو راستییە تاڵانەی لە رێگەدا چاوەڕێی دەکەن، یەک ناگرێتەوە."

فەرهاد سەلام گوتیشی: "رۆمانەکە بە وردی باس لە ئازار و کێشەکانی کۆچبەران دەکات؛ لە ترس و دڵەڕاوکێی رێگە، تا تەنیایی، بێ نیشتمانی و هەستکردن بە نامۆبوون لە وڵاتانی بیانی. گەنجەکە لە چەندین وڵاتی وەک ئەڵمانیا، دانیمارک و سوید دەگەڕێت، بەو هیوایەی شوێنێک بدۆزێتەوە کە بتوانێت ژیانێکی ئارام و شیاوی مرۆڤ بنیات بنێت، بەڵام لە هەر هەنگاوێکدا رووبەڕووی بەربەست، یاسا و چاوەڕوانییە درێژخایەنەکان دەبێتەوە و زۆرجار هەست بە بێهیوایی دەکات."

ئەو نووسەرە باس لە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ناو رۆمانەکە دەکات و دەڵێت: "یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی رۆمانەکە، چاوەڕوانییە دوورودرێژەکەی گەنجەکەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی (ئیقامە) یاسایی. ئەو دوای ١٧ ساڵ ژیانکردن لە دەرەوەی وڵات، ئینجا دەتوانێت مۆڵەتی نیشتەجێبوون وەربگرێت؛ ماوەیەک کە تێیدا تەمەن، خەونەکان و زۆرێک لە هیوای ژیانی لەدەست دەدات. ئەم بەشەی رۆمانەکە بە شێوەیەکی کاریگەر نیشان دەدات کە چۆن چاوەڕوانی و بێدڵنیایی دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر دەروونی مرۆڤ جێ بهێڵێت."

دەربارەی ناوەڕۆکی رۆمانەکە، فەرهاد سەلام دەڵێت: "دوای وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوون (ئیقامە)، گەنجەکە دوای نزیکەی دوو دەیە سەردانی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە. ئەو گەڕانەوەیە تەنیا گەڕانەوەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ یادەوەری، منداڵی، خێزان و ئەو شوێنانەی کە ساڵانێکی زۆر لە دڵیدا هەڵیگرتبوون. بەڵام لەگەڵ ئەو گەڕانەوەیەدا دەبینێت کە زۆر شت گۆڕاوە؛ کات، مرۆڤ، شوێن و پەیوەندییەکانی گۆڕیون و هەندێک لە خەونە کۆنەکان تەنیا وەک یادەوەری ماونەتەوە."

فەرهاد سەلام ئاماژەی بەوەش کرد: "من لەم رۆمانەدا تەنیا چیرۆکی تاکێک ناگێڕمەوە، بەڵکو دەنگی هەزاران گەنج و کۆچبەری کورد دەگێڕمەوە کە بەهۆی جەنگ، نائارامی و نائومێدییەوە، ناچار بوون نیشتمانی خۆیان جێ بهێڵن. من بە زمانێکی سادە و هەستیار، ئازاری دووری، سەختیی کۆچ، هیوای مانەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان دەخەمە بەرچاو و رۆمانەکە دەگۆڕم بۆ بەڵگەیەکی ئەدەبی لەسەر ئەزموونی تاڵی کۆچ و دۆزینەوەی مانای نیشتمان و ناسنامە."

فەرهاد سەلام، نووسەر و رۆماننووسی کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە. لە بواری نووسین، هونەر و وەرزشدا خاوەنی مێژوویەکی جوانە. خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبیی بڵاوکراوەیە و تا ئێستاش بەردەوامە لە نووسین.