لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە کارنامەی حکوومەتەکەی زەیدی پێکدەهێنرێت

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، لایەنە سیاسییەکان فشارەکانیان بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی چڕکردووەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن، چارەنووسی 9 وەزارەتە بێ وەزیرەکە لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە فراکسیۆنە گەورەکان کە مافی وەرگرتنی پۆستی وەزارییان هەیە، داوای تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکەن.

لە کۆی 23 وەزارەت، هێشتا 9 وەزارەت بەبێ وەزیر ماونەتەوە؛ ململانێ و رێکنەکەوتنی نێوان لایەنە شیعە، سوننە و کوردەکان هۆکاری سەرەکین بۆ یەکلانەکردنی کاندیدانی ئەو پۆستانە. لەم نێوەندەشدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کاندیدەکەی لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.

دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرەکانی کابینەی زەیدی، دیار بوو کە رێککەوتنێکی پێشوەختە هەبوو بۆ دەنگنەدان بە کاندیدی هەندێک لایەن؛ بۆیە لە دادگای فیدراڵی تانەمان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە داوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین لەو بارەیەوە."

بە پێی زانیارییەکان، بەبێ وەزیر مانەوەی ئەو 9 وەزارەتە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە؛ بەشێکی پەیوەندی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە هەیە، بەشەکەی دیکەشی پێوەستە بەو هۆشدارییەی ئەمریکا بە لایەنە عێراقییەکانی داوە کە نابێت هێزە سیاسییە چەکدارەکان بەشداری لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، سروە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە کوردستان24ـی گوت: "دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ عێراق، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەکەی بەڕێوەدەچێت. ئێستا ئاگادارین کە لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە کارنامەی وەزاریی حکوومەتەکەی زەیدی پێکهێنراوە."

ئێستا وەزارەتە ئەمنییەکانی عێراق بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە دۆخی ئەمنیدا دروستکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی ناوخۆ کە لە نێو پێکهاتەی شیعەدا پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، سێ کاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە پێشکەش کراوە. لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری کە پشکی سوننەکانە و بەر هاوپەیمانیی "عەزم" دەکەوێت؛ بەڵام دوای دەستگیرکردنی موسەنا سامەڕایی، محەمەد حەلبووسی لە هەوڵدایە ئەو پۆستە بۆ حزبەکەی خۆی مسۆگەر بکات.