نەوزاد شێخ کامیل: پێویست ناکات بۆ مۆڵەتی بازرگانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بکەن
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، کردنەوەی بنکەی چاودێری بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان سوودی زۆری بۆ بازرگانەکان هەیە و کارئاسانیی زۆریان بۆ دەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەمموزی 2026، بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان بنکەی چاودێری بازرگانی بکرێتەوە، لە ساڵی رابردوو لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کرایەوە، ئەمساڵیش لە پەروێزخان دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە کردنەوەی ئەم بنکە بازرگانییە کارئاسانییە بۆ بازرگانەکان، لە جیاتی ئەوەی سەردانی هەولێر بکەن بۆ پێدانی مۆڵەتی بازرگانی، دەتوانن هەر لەو بنکەیە مۆڵەت وەرگرن و تەواوی کارئاسانییان بۆ کراوە، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆتین و تێچوونیش کەمدەکاتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، باسی سوودەکەی کرد بۆ بازرگانەکان و رایگەیاند: دەبێتە هۆی جولەی زیاتر بۆ بازرگانەکان و سوودی زۆری بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
هەروەها باسی لەوە کرد، پێشتر هەر بازرگانێک لە دەروزە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان خوازیاربێت مۆڵەت وەربگرێت، دەبوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی کردبا، بەڵام ئێستا هەر لەناو دەروازەکە مۆڵەتی وەردەگرێت و کارەکانی راییدەکات.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت" هاوکات ئەمڕۆ یەکەم مۆڵەت وەرگیرا و کارەکانی راییکرد".
لە هەرێمی کوردستان شەش دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرەکی هەن، کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دانیان پێدانراوە.