هەولێر بەکۆمەڵێک گۆڕانکاری راهێنانەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێکرد
لوئەی سەڵاح حەوت یاریزانی تیپی خوار 21 ساڵانی هەولێر تاقی دەکاتەوە
هەولێر راهێنانەکانی دەست پێدەکات و حەوت یاریزانی تیپی خوار 21 ساڵانی هەولێر لەلایەن لوئەی سەڵاح هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و دەرفەت بۆ چەند یاریزانێکی خولی کوردستانیش دەڕەخسێنرێت لەگەڵ تیپی هەولێری خولی ئەستێرەکانی عێراق راهێنان بکەن بۆ ئەوەی راهێنەر بڕیاریان لەسەر بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەمووزی 2026 یانەی هەولێر یەکەمین رۆژی راهێنانەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات، لە مەشقەکانی ئەمڕۆ هیچ یاریزانێکی پیشەگەر بەشداری ناکەن، بەڵام سەرجەم یاریزانە نوێیەکانی دیکە کە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کراوە ئامادە دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، مەشقەکانی ئەمڕۆ بەبێ لوئەی سەڵاح بەڕێوەدەچێت، هەردوو یاریدەدرەکەی هەڵگورد مەلامحەمەد و ئەوس ئیبراهیم ئامادە دەبن، لەگەڵ راهێنەری توانای جەستەیی محەمەد مستەفا کە میسرییە هاوشانی جەلیل زێدان راهێنەری گۆڵپارێزەکان سەرپەرشتی یەکەمین رۆژی مەشقەکانی یانەی هەولێر دەکەن.
کوردستان24 زانیویەتی، لوئەی سەڵاح بەهۆکاری ئەوەی لە بەغدایە و دەیەوێت گرێبەستی دوو یاریزانی نوێ یەکلایی بکاتەوە بۆیە ناتوانێت لە یەکەمین رۆژی مەشقەکانی هەولێر بەردەوام بێت، پلانەکەش بۆ ئەوەی رۆژی شەممەی داهاتوو هەولێر بە تەواوی یاریزانەکانی بەردەوامی بە راهێنانەکانی بدات و سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانیش ئامادە دەبن.
کوردستان24 زانیویەتی، حەوت یاریزانی تیپی لاوانی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر لەلایەن لوئەی سەڵاح هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ئەو حەوت یاریزانە وەرزی رابردوو لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری لاوانی هەولێر سەردار فارس یارییان کردووە و ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە.
یاریزانە لاوەکان پێکهاتوون لە: (عەبدوڵڵا یاسیین ـ هێرشبەر)، (هێژا خۆشناو ـ هێرشبەر)، (ئالان گۆران ـ هێرشبەر)، (رەشاد فازڵ ـ ناوەراستکار)، (یووسف کاروان ـ ناوەراستکار)، (ئەحمەد زیا ـ ناوەراستکار) و (فەهد رافد ـ بەرگریکار).
لەنێو یاریزانە لاوانەدا تەنیا ئەحمەد زیا عەرەبە و سەرجەم یاریزانەکانی دیکە کوردن، لە نێو ئەو حەوت یاریزانە تەنیا ئالان گۆران ناتوانێت لە رۆژی یەکەمی راهێنانەکانی هەولێر ئامادە بێت، بەوپێیەی ئەو یاریزانە نیشتەجێی هۆڵەندایە، بەڵام دوو ساڵە یاریی بۆ تیپی خوار 21 ساڵانی هەولێر دەکات و رۆژی شەممەی داهاتوو پەیوەندی بە تیپی هەولێری خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت هەر یانەیەک لیستیكی 30 یاریزانی تۆمار بکات، کراوەتە مەرج لە نێو ئەو لیستە دەبێت شەش یاریزانی خوار 21 ساڵانی تێدا بێت.
یانەی هەولێر تا ئەم کاتە گرێبەستی هەشتی یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردووەتەوە کە پێکهاتوون لە: بژار مەهدی، عومەر جەنگی، نیاز محەمەد، سەرهەنگ موحسین، سەفین مەنسور، ئاکۆ عوزێر، هومام تاریق عەلا رەعد.
هەولێر گرێبەستی لەگەڵ دوو بەرگریکاری پیشەگەری واژۆ کردووە پێدرۆ هێنریکی بەرازیلی و سیگیتاس ئۆلبێرکیسی لیتوانی. دوو یاریزانی دیکەشی گواستووەتەوە کە هەردووکیان عێراقین شبر عەلی بەرگریکاری وەرزی رابردووی زاخۆ لەگەڵ محەمەد خالد کوفی هێرشبەری پێشووی یانەی کەرخ.