چەند بڕیار و راسپاردەیەکی نوێ لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دەردەکرێت

بەپێی نووسراوێکی فەرمی، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری چەند پێشنیاز و راسپاردەیەکی نوێی ئاراستەی سکرتارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ کردووە، کە تایبەتن بە جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگیی جیهانی ئەسیکۆدا و رێکخستنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی نووسراوەکە کە واژۆی فالح ساری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەی پێنجەمی خۆیدا پرسی رێکخستنی گومرگەکانی لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم تاوتوێ کردووە و ئەم بڕیار و پێشنیازانەی خوارەوەی داوە:

1-پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ پشکنینی سنوورەکان و داخستنی خاڵە نافەرمییەکان:

بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و بە ئەندامێتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستا، ئەرکی ئەم لیژنەیە ئەنجامدانی رووپێوێکی گشتگیر دەبێت بۆ تەواوی هێڵی سنووری لە هەرێم، هەروەها سەردانی سەرجەم دەروازە فەرمی و نافەرمییەکان دەکات.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو دەروازانەی مەرجەکانیان تێدا نییە، لیژنەکە لە ماوەی 30 رۆژدا راپۆرتێکی بەرفراوان پێشکەش دەکات و تێیدا ئەو دەروازانە دیاری دەکات کە شیاوی کارکردن نین، بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵییەوە دابخرێن.

2-یەکخستنی بەخشین و لێخۆشبوونە گومرگییەکان:

وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، رەشنووسێکی تایبەت و یەکگرتوو بۆ سەرجەم بەخشین و لێخۆشبوونە گومرگییەکان ئامادە دەکات،  ئەم رەشنووسە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە پەسەند دەکرێت، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا کاری پێدەکرێت و بە شێوەیەکی خولیش نوێ دەکرێتەوە

3-میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی گومرگی دەروازەکانی هەرێم:

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتە گومرگییە کۆکراوەکانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنەکە دوو پێشنیاری خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئەوەی یەکێکیان پەسەند بکرێت.

- سەرجەم داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت مانگانە پشکی هەرێم کە رێژەی 50%ـی داهاتەکانە بنێرێتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.

- کردنەوەی دوو هەژماری بانکی لە خودی دەروازە سنوورییەکان، کە لەوێوە داهاتە بەدەستهاتووەکان راستەوخۆ دابەش بکرێن، بە شێوەیەک 50%ـی وەک پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و 50%ـەکەی دیکە وەک پشکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ بخرێتە سەر هەردوو هەژمارەکە.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و بابەتەکە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەری.