یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان چیرۆکی سەرکەوتنیان بۆ کوردستان24 دەگێڕنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە فەرمی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی 12ی ئامادەیی (خولی یەکەم) راگەیاند. 

پێنجشەممە 9ـی تەمووزی 2026، بە گوێرەی راگەیاندنی ئەنجامی جوولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، کچە قوتابی (سۆز عەلی وەهبی) لە شاری هەولێر، بە بەدەستهێنانی کۆنمرەی 700، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەشی زانستی بەدەست هێنا. 

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی،" سەرکەوتنەکەی ئەنجامی ماندووبوونی 13 مانگی بەردەوامە و رۆژانە لە نێوان 10 بۆ 12 کاژێر خوێندوویەتی، گوتیشی،" لە قوتابخانەی ئەهلی خوێندوویەتی و بۆ هەموو وانەکانیش سوودی لە مامۆستای تایبەت بینیوە."

هەروەها لە بەشی زانستی، رکابەرییەکان زۆر نزیک بوون و چەندین قوتابی توانییان نمرەی بەرز بەدەستبهێنن:

پلەی یەکەم:  سۆز عەلی وەهبی (کۆنمرەی 700) - هەولێر.
پلەی دووەم (کۆنمرەی 698):  ڤار ئەمیر، ژیلیا لوقمان، و روئیا پشتیوان محەممەد.
پلەی سێیەم (کۆنمرەی 696):  رێبین وەهاب، دێهان سەردار، کارێز عەلی، محەممەد موختار، و زنار هیوا.
هاوکات، لە بەشی وێژەییشدا، قوتابی (دنیا سەلام عەبدوڵڵا) لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (قەزای کفری)، بە بەدەستهێنانی نمرەی 98 و کۆنمرەی 684، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەو بەشەدا بەدەستبهێنێت.

دونیا بە کوردستان24ـی گوت،" رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێری بە خوێندنی وانەکانییەوە بەسەربردووەم هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانەشی کرد کە ساڵی داهاتوو لە پۆلی 12 دەخوێنن و گوتی،" هیوادارم کاتەکانیان رێکبخەن و گرنگی خوێندن بدەن، چونکە لە کۆتاییدا هەر لە رێگەی خوێندنەوە دەگەن بە هیوا و ئاواتەکانیان". 

هەروەها ئایدن نزار، بە کۆنمرەی 696 توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک بەدەستبهێنێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "رۆژانە 5 بۆ 7 کاتژمێر خوێندوومە و ئامانجم ئەوەیە لە بەشی پزیشکی درێژە بە خوێندن بدەم، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانم خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەم بکەم."

بڕیاری قەرەبووکردنەوەی نمرەکان:
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکان، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا بە قەرەبووکردنەوەی قوتابییان لە چەند وانەیەکدا، بەهۆی بوونی هەندێک تێبینی لەسەر پرسیارەکان. 

بەگوێرەی بڕیارەکە، لە وانەی زیندەزانی 4 نمرە، لە کیمیا 2 نمرە و لە زمانی عەرەبیدا 4 نمرە بۆ سەرجەم قوتابیان هەژمار کراوە.