وادەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاریکرا
جامی سووپەری عێراق بە هەمان شێوازی سووپەری ئیسپانیا و ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت
وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی سووپەری عێراق دیاریکران و جەخت لەوەش کراوەتەوە سەرجەم یارییەکان لە رۆژانی هەینی و شەممە دەکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9 تەمووزی 2026، بە فەرمی لێژنەی پێشبڕکێیەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دا خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو دەست پێ بکات، یەکەمجاریشە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە بەشداریی پێنج یانەی کوردستانی بەڕێوە دەچێت کە پێکهاتوون لە یانەکانی هەولێر، دهۆک، زاخۆ و نەورۆزی شاری سلێمانی و گازی باکووری شاری کەرکووک.
لێژنەی پێشبڕکێیەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری داوە سەرجەم یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەفتانە لە رۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوەبچن، بەبێ ئەوەی یارییەکانی هیچ هەفتەیەک دوابخرێن.
لە لایەکی دیکەشەوە بڕیاردرا جامی سووپەری عێراق لە مانگی 12ـی ئەمساڵ بە بەشداری یانەکانی قوە جەوییە، هەولێر، شورتە و زەورا بەڕێوە بچێت.
یارییەکانیش بە هەمان سیستەمی سووپەری ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەکرێن. لە جامی سووپەری عێراق، قوە جەوییە پاڵەوانی وەرزەی رابردووی خولی ئەستێرەکان رووبەڕووی زەوڕای چوارەم دەبێتەوە، شورتە و هەولێریش وەکو خاوەنی پلەکانی دووەم و سێیەم ململانێی گەیشتن بە یاریی کۆتایی دەکەن.
لە لایەکی دیکەشەوە بڕیاردرا خولی نایابی عێراق لە رۆژی 9ـی ئەیلولی ئەمساڵ دەست پێ بکات.