بەنداوی دوین؛ پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی بەنداوی دوینی دانا، کە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان لە کەرتی ئاو و گەشتوگوزاردا.
رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەنداوی دوینی دانا. ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی گلدانەوەی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی بەنداوەکە:
شێوازی دروستکردن: بە کۆنکرێتی (RCC) جێبەجێ دەکرێت.
بەرزی بەنداوەکە: 75 مەتر.
درێژی بەنداوەکە: 320 مەتر.
شوێن: لەسەر رووباری شێخ مەموودیان و رووباری شێخ توراب دروست دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ دروستکردنی بەنداوەکە، زنجیرەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدرێن، لەوانە دروستکردنی زیاتر لە 10 بەنداو و تافگەی بچووک لە ناوچەکەدا، هەروەها هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رێگەی دووسایدێکی نوێوە بە بەنداوی دوینەوە دەبەسترێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکارییەک بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.
ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ گلدانەوەی ئاو نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی پاراستنی ژینگەیە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا، هەروەها دەبێتە هۆی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە ناوچەکە دەبەخشێت کە دەبێتە هۆی راکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژە مەزنەدا، قەڵای مێژوویی دوین کە یەکێکە لە کۆنترین قەڵاکانی هەرێمی کوردستان و مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەگەڕێتەوە، نۆژەن دەکرێتەوە. تەواوبوونی پڕۆژەی بەنداوەکە و نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە، بەهایەکی مێژوویی و گەشتیاری زیاتر بە ناوچەکە دەبەخشێت و پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێم و دەرەوە.