نیویۆرک تایمز: فڕۆکە نوێیەکەی ترەمپ سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی تێدا نییە
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە سەرۆکایەتییە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ تورکیا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەکاریهێنا، سیستەمی بەرگریی پێشکەوتووی دژە مووشەکی تێدا نییە، کە لە مۆدێلە کۆنەکاندا وەک پێداویستییەکی سەرەکی جێگیر کرابوون.
هەینی 10ـی تەمووزی 2026، لە بارەی ئەو فڕۆکە نوێیەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ تورکیا بەکاریهێناوە، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم فڕۆکەیە مۆدێلی "بۆینگ 747-8"ە و لە لایەن قەتەرەوە وەک دیاری بە ترەمپ دراوە، نەبوونی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو تیایدا مەترسیی ئەمنی بۆ گەشتە دەرەکییەکان دروست دەکات، ئەم مەترسییانە رۆژی چوارشەممە بە روونی دەرکەوتن، کاتێک ترەمپ لەسەر راسپاردەی دەزگای پاراستنی نهێنی (Secret Service)، تورکیای بە فڕۆکە سەرۆکایەتییە کۆنەکە جێهێشت.
هەرچەندە هێزی ئاسمانی ئەمریکا ساڵی رابردوو هەندێک گۆڕانکاریی تیادا کردبوو، بەڵام فڕانک کێنداڵ، وەزیری پێشووی هێزی ئاسمانی رایگەیاند، کاتی پێویست لەبەردەست نەبووە بۆ ئەنجامدانی هەموو گۆڕانکارییە ئاسایشییە ئاساییەکان، بۆیە فڕۆکەکە هەندێک رەگەزی گرنگی ئاسایش و پەیوەندی و پاڵپشتی کەمە، هاوکات سەرسامیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەو فڕۆکەیە لە دەرەوەی ئەمریکا بەکارهێنراوە، بەتایبەت لە کاتی هەبوونی گرژی لەگەڵ ئێراندا.
ستێڤن چێونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی بەرگری لە ئاستی سەلامەتی فڕۆکەکە کرد و رایگەیاند، فڕۆکە نوێیەکە پارێزراوە و رێکارە ئەمنییە باڵاکانی بۆ جێبەجێ کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە فڕۆکەکە هەموو ئەو ئامێر و پێداویستییانەی تیادا نییە کە لە فڕۆکە فەرمییەکانی "ئێر فۆرس وەن"دا هەن.
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ئێران لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020ـەوە، هەوڵی بەئامانجگرتنی ترەمپ دەدات، هەر بۆیە لە کاتی ئامادەبوونی ترەمپ لە ئەنقەرە بۆ لوتکەی ناتۆ کە نزیکە لە ئێران، دەزگای پاراستنی نهێنی ترەمپی ناچار کرد فڕۆکەکەی بگۆڕێت بۆ فڕۆکە کۆنەکە تاوەکو لە هەر مەترسییەکی مووشەکی دوور بێت.