قالیباف: ئەمریکا خیانەتمان لێبکات وەڵامێکی توندی دەدەینەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هیچ سەردەمێکدا بەدوای جەنگدا نەگەڕاوە، جەختیشی کردەوە گەلی ئێران هەرگیز تەسلیمی ستەم نابێت.

هەینی 10ـی تەمووزی 2026، محەمەد باقر قاليباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، لە کاتی دانوستانەکاندا بە فەرمی بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا راگەیەندراوە، تاران "بە هیچ شێوەیەک متمانەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە"، راشیگەیاند، ئێران لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ بەرگرییەکی گشتگیر ئەگەر بێت و ئەمریکییەکان خیانەت لەو تێگەیشتنانە بکەن کە لە نێوانیاندا دروست بووە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە و هەر جۆرە پێشێلکارییەک یان پاشگەزبوونەوەیەک لە لایەن واشنتنەوە، بە وەڵامێکی توند و بەرگرییەکی سەرتاسەری رووبەڕوو دەبێتەوە.

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ـی راگەیاند: "من دەزانم ماوەیەکی دورودرێژە لە لیستی ئەو کەسانە دام کە ئێران دەیەوێت تیرۆرم بکات؛ بەڵام رێنماییم بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەم جێهێشتووە ئەگەر هەر شتێکی لەو شێوەیە رووبدات، بە مانای وشە بە جۆرێک بۆردومانیان بکەن کە پێشتر وێنەی نەبووبێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە، کە باس لە زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیل دەکەن سەبارەت بە پلانی کوشتنی لە لایەن ئێرانەوە، هاوکات ئاشکرای کرد، "نەخێر، نەخێر ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی نوێی لەو بارەیەوە نەهێناوە؛ چونکە من بۆ ماوەیەکی دورودرێژە لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو کەسانەم کە ئێران دەیەوێت تیرۆرم بکات، ئیدی ژیان بەو شێوەیە".

بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئێران لە ساڵی 2020ـەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەم سەرۆکە دەدات، بەهۆی ئەوەی ترەمپ فەرمانی بەو هێرشە ئاسمانییە کرد کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سەربازیی باڵای ئێران.

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا لە ئاستی گشتیدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە؛ بە تایبەت لە کاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێراندا، کاتێک خۆپیشاندەرانی تابلۆ و پۆستەری زەبەلاحیان بەرزکردبووەوە کە تێیدا داوای کوشتنی ترەمپیان دەکرد.