ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێی بەسەر 14 لایەنی ئێرانییدا سەپاندووە کە پێکدێن لە 8 کەسایەتی و 6 کۆمپانیا، هەروەها واشنتن ئەو لایەنانە بە تێوەگلان لە تۆڕە داراییەکانی سەر بە سەرکردایەتی ئێران و سوپای پاسداران تۆمەتبار دەکات.
هەینی 10ـی تەمووزی 2026، بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان، ئەم سزایانە لە کاتێکدایە واشنتن ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز، راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێک لەو تۆڕە داراییانە لە بەرژەوەندی "موجتەبا خامنەیی" کار دەکەن.
یەکێک لە ناوە دیارەکانی نێو لیستەکە، بازرگانی ئێرانی نیشتەجێی دوبەی "عەلی ئەنساری"یە، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباری دەکات بە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی فراوانی دارایی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بە مەبەستی گواستنەوەی پارەی گشتی بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی، ئەنساری کە پێشتر خاوەنی بانکی ئایەندە بووە، لە رێگەی کۆمپانیای "سمارت گڵۆباڵ لیمیتد"ەوە تۆڕێکی وەبەرهێنانی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، لوکسمبۆرگ، ئیسپانیا، بەریتانیا، قوبرس و ئیمارات دروست کردووە، کە واشنتن دەڵێت قازانجەکەی بۆ بەرپرسانی باڵای تاران و سوپای پاسدارانە.
جگە لەوە، سێ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو بە ناوەکانی (محەمەد دەربانی و هاوبەشەکانی، لۆاسانی و هاوبەشەکانی، موحسین خەندان و هاوبەشەکانی) سزایان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها دوو کۆمپانیای دیکە لە هۆنگ کۆنگ و ئیمارات بە تۆمەتی یارمەتیدانی بانکە سزادراوەکانی ئێران بۆ گواستنەوەی ملیاران دۆلار لە رێگەی کۆمپانیا وەهمییەکانەوە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
لیستی سزاکان ناوی حەوت کەسایەتی دیکەی تێدایە کە هاوبەش و بەرپرسی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراون، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی فەرمانە کارگێڕییەکانی تایبەت بە کەرتی دارایی و نەوتی ئێران و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێگریکردن لە دەربازبوون لە سزاکان جێبەجێ کراون.