بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕە جیهانییەکان
بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کوالێتییەکی زۆر بەرزی هەیە و لە ئێستادا خواستێکی زۆر لەسەر ئەم بەرهەمە لە وڵاتانی کەنداو و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان هەیە. پەتاتەی کوردستان نەک تەنها بۆ خواردنی ناوماڵ، بەڵکو بۆ دروستکردنی جپس و فینگەر بەکاردێت و کۆمپانیا گەورە جیهانییەکانی وەک ماکدۆناڵدز و کەی ئێف سی داوای پەتاتەی کوردستان دەکەن.
شەممە 11ـی تەمووزی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کابینەی نۆیەمەوە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و هەوڵدەدات بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان بدۆزێتەوە، جگە لە پەتاتە، بەرهەمەکانی وەک هەنار و سێوی بەرواریش هەناردەی دەرەوە دەکرێن، کە ئەمەش وایکردووە داهاتێکی باش بۆ جووتیاران دابین بێت و نرخەکانیش لە بازاڕدا گونجاو بن.
شێخ مستەفا شێخ عەبدول رەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران رایگەیاند، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان روو لە زیادبوونن و کوالێتییان زۆر بەرزە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵانی رابردوودا بەم شێوەیە گرنگی بە هەناردەکردن نەدەدرا، بەڵام ئێستا بەرهەمی ناوخۆیی بووەتە جێگەی متمانەی بازاڕە جیهانییەکان.
لە لایەکی دیکەوە دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی یەکێکە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیی جووتیاران و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم.
ساڵی رابردوو بەشێکی زۆری پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کێشەی سیاسی و رێگریی بازگەکان لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کێشەی گەورەی بۆ جووتیاران دروست کردووە.
لە پێنج ساڵی رابردوودا، بە تێکڕا بۆ هەر ساڵێک، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرا. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم هێنراون کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بووە؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ، رێژەکە بگاتە 150 هەزار تۆن.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن. کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێم، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
لە ساڵانی رابردوو، پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتانی کەنداو، رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەفریقیای باشوور، بەریتانیا و چەندان وڵاتی دیکە کراوە.