ئەکسیۆس: قەتەر بەشداری لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان دەکات
ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی قەتەر بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا دەکەن کە لە مەسقەت لە نێوان ئێران و سەڵتەنەتی عوماندا بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە گەرووی هورمز.
شەممە 11ـی تەمووزی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادارەوە راگەیاندووە، لایەنەکان تاوتوێی بەیاننامەیەکی ئەگەری دەکەن بۆ کردنەوەی تەواوەتی دوورگەی ناوەڕاست لە گەرووی هورمز کە دەکەوێتە ناو ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاتوچۆی دەریایی بە شێوەیەکی ئازاد.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم گەرووە ستراتیژییە کە دەکەوێتە ناو ئاوەکانی ئێران و عومان، یەکێکە لە دیارترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان واشنتن و تاران.
هەرچەندە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان مافی تێپەڕبوونی بێ بەربەست لەو گەرووانەی بۆ دەریاوانی نێودەوڵەتی بەکاردێن مسۆگەر دەکات، وەک گەرووی هورمز کە 20%ی بازرگانی سووتەمەنی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێران بە تەواوی رەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، کاتێک تێپەڕبوون لە گەرووەکە بەبێ هیچ بەرامبەرێک ئەنجام دەدرا.
هەروەها ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتووەتە مەسقەتی پایتەختی عومان، کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت تیمێکی باڵای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و جارید کوشنەر، زاواکەی ترەمپ، راستەوخۆ یان بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری گفتوگۆکان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، هەرچەندە لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان رێککەوتوون، بەڵام "ئاگربەست کۆتایی هاتووە". ترەمپ پەردەی لەسەر هەڕەشەیەکی مەترسیدار لادا و رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێکی تاران بۆ تیرۆرکردنی.
هەروەها ترەمپ باسی لەوەش کردبوو، "هەزار مووشەک ئامادەن بۆ هەڵدان بەرەو ئێران و هەزارانی دیکەش بەدوایاندا دێن، ئەگەر حکوومەتی ئێران هەڕەشەکانی بۆ تیرۆرکردنی من جێبەجێ بکات." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لە بوونی پیلانێکی ئێرانی دەکەن بۆ کردنی سەرۆکی ئەمریکا بە ئامانج.
لە بەرامبەردا، تاران داواکاریی ئەمریکای بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ رەتکردەوە و تەنیا پێشوازیی لە نێوەندگیری قەتەر کردووە. موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، لە پەیامێکدا جەختی کردەوە کە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی باوکی داواکاریی گەلە و سوێندی خوارد کە تۆڵە لە "بکوژان و تاوانباران" بکەنەوە. تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی رابردووی پێشێل کردووە و مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر شەش شاری ئێران لە دوو رۆژی رابردوودا، لانی کەم 17 کەس کوژراون و 115 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە گەرووی هورمز، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا، ئەمەش فشارێکی دارایی زۆری خستووەتە سەر بەکارهێنەرانی ئەمریکی، درست لەو کاتەی کە ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا ئامادە دەکات.