بەقایی: چاودێری جوڵەکانی دوژمن دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پارێزەرانی نیشتمان لە هێزە چەکدارەکانی ئێران چاودێری جوڵەکانی دوژمن دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی ئێران سوپاسگوزاری هەوڵە دڵسۆزانە و خۆڕاگری و قوربانیدانی ئەوانن و شانازی بە ئامادەبوونی بەهێزیانەوە دەکەن.
شەممە 11ـی تەمووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: لەم رۆژە گەرمانەی هاویندا، پارێزەرانی ئازای نیشتمان لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کەناراوەکان و دوورگەکان و سنوورەکان و لە شوێنە هەستیارە جیاوازەکاندا، بە چاوی کراوە و بێدارەوە چاودێری جوڵەکانی دوژمن دەکەن، ئەوان پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری ئێرانی خۆشەویستن.
بەقایی دەشڵێت: سڵاو و رێز بۆ هەموو شەڕکەران و پارێزەرە دڵسۆزەکانی نیشتمان و بۆ ئەو هێزە فیداکارانەی کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بۆ پاراستنی ئەم خاکە بە هەموو دڵسۆزییەکەوە لە ئەستۆ دەگرن.
لە کۆتاییدا بەقایی ئاماژەی بەوەکردووە، گەلی ئێران سوپاسگوزاری هەوڵە راستگۆیانە و کۆڵنەدان و قوربانیدانەکانتانە و شانازی بە ئامادەبوونی بەهێزتانەوە دەکات، لە خودا داواکارین یارمەتیدەر و پاڵپشتتان بێت.
ئەم قسانەی ئیسامعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە، جەختی لەسەر تۆڵەکردنەوە کردەوە.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، تۆڵەکردنەوە لەوانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی رێبەری پێشوو و قوربانییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، خواستێکی نەتەوەییە و بێ هیچ دوودڵییەک جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەیە بە کەسێکی دەستنیشانکراوەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێی دەکەن.
رێبەری نوێی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا روونی کردەوە، لیستی ناوی هەموو ئەو کەسانەیان لایە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوون و بەڵێنی دا هەرگیز بە مردنێکی ئارام نامرن. هاوکات پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی پابەند دەبێت بە درێژەدان بەو رێباز و سیاسەتانەی لە سەردەمی رێبەری پێشوودا کاریان پێ کراوە.
لە رۆژی 28ـی شوباتی ساڵی 2026 لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند ئامانجێک لە تاران، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
ئەم رووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک، و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە.
دوای چەند رۆژێک لەو رووداوە و لە نۆیەمی ئاداردا، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەییان وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد.