لە سۆران ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی شیعە دەستیپێکردووە

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامادەکارییەکی بەرفراوان بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارە شیعە مەزهەبانە دەستیپێکردووە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە روو لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەکەن.

بە گوێرەی بەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "ماوەی چەند رۆژێکە لە هاوینەهەواری کانی ماران لە گەلی عەلی بەگ، دەستکراوە بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارانەی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. وێستگەی یەکەمی پێشوازیکردن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەبێت و وێستگەی دووەمیش لە هاوینەهەواری کانی ماران جێگیر کراوە."

سەبارەت بە کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، ئاماژە بەوە کراوە، وێستگەکان بە شێوازێکی رێکخراو ئامادەکراون، لەوانە هەڵدانی خێوەت و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی خواردن و خواردنەوە. هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە شوێنەکە جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی زیارەتکاران.

هەر بەگوێرەی پلانەکە، دوای پشوودان لە وێستگەکان، هەزاران زیارەتکار لە رێگەی پاس و مینی پاسی تایبەتەوە بۆ وێستگەکانی دیکە دەگوازرێنەوە.

ماوەی پێنج ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئاسانکاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بە سەدان هەزار زیارەتکار دەکات، تاوەکو بە شێوەیەکی ئارام و سەلامەت بە خاکی هەرێمدا تێپەڕن بۆ ئەنجامدانی مەراسمە ئایینییەکانیان، لە نەجەف و کەربەلا.