میرا عەلی گۆرانی "جزیری" بڵاوکردەوە

میرا عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "جزیری"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گرنگیی گوتنەوەی ئەم بەرهەمە لە ئێستادا بۆ من لەوەدایە کە بتوانین ئەو سامانە فۆلکلۆرییە لە نەمان بپارێزین و بە زمان و موزیکی سەردەم، پێشکەشی جیلی نوێی بکەین."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەمموزی 2026، میرا عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە بەدەنگی مامۆستا محەمەد عارف جزیری گوتراوە، من بە موزیکێکی جیاواز کارم لەسەر کردووە، کێرهات تەهلاڤی کری دابەشکردنی موزیکەکەی کردووە، ئامادەکردنی موزیکەکە لەلایەن هەڵکەوت زاهیر ئامادە کراوە، هەروەها رەیان شیلازی، کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە.

میرا عەلی باس لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە فۆلکلۆرییە دەکات و دەڵێت، "ئەو بەرهەمە بەشێکە لە ناسنامە و مێژووی موزیک و فۆلکلۆری دەوڵەمەندی ئێمە کە بە دەنگی زوڵاڵی مامۆستا محەمەد عارف جزیری لە یادەوەریی چەندین نەوەدا نەخشاوە. گرنگیی گوتنەوەی ئەم بەرهەمە لە ئێستادا بۆ من لەوەدایە کە بتوانین ئەو سامانە فۆلکلۆرییە لە نەمان بپارێزین و بە زمان و موزیکی سەردەم، پێشکەشی جیلی نوێی بکەین کە رەنگە بەهۆی جیاوازیی کات و تەکنەلۆجیاوە کەمتر ئاشنای ئەو شاکارە کۆنانە بن."

میرا عەلی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1986 لە هەولێر لەدایکبووە. خاوەن چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە. میرا بەیەکێک لە قوتابییەکانی ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر دادەنرێت و زۆرینەی کارەکانی لەلایەن ناوبراوەوە کاری بۆکراوە.