گۆتێرێز: ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی مەترسیدار لە ناوچەی کەنداو هەیە
ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو دەربڕی.
یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بە زنجیرە هێرشەکانی ئەمدواییە کرد، لەوانە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هێرشەکانی تاران بۆ سەر ئامانجەکانی وڵاتانی دراوسێ، و راگەیاند: "پێویستە سەرجەم ئەم هێرشانە رابگیرێن."
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا، گەڕانەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر و بەرفراوان دەبێتە هۆی دەرەنجامی کارەساتبار، نەک تەنیا بۆ گەلانی ناوچەکە، بەڵکو بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئابووریی جیهانیش.
لە کۆتاییدا، گۆتێرێس داوای لە هەریەک لە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان لەرێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن.