هەولێر; ئامادەکاری بۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دەکرێت

بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەراسمی چلەی ئیمام حوسێن بەڕێوەچوو.

یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی، گەشتوگوزار، گواستنەوە و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لایەنە ئەمنییەکان تێیدا ئامادە بوون، بە وردی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران لەرێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هەڵسەنگێندرا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، ماوەی پێنج ساڵە ئەم لێژنەیە بە شێوەیەکی رێکوپێک کارەکانی ئەنجام دەدات و ساڵ لە دوای ساڵ ئەزموونی باشتریان لە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆسەیەدا پەیدا کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە رەزامەندییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و بووەتە مایەی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکاندا، هەروەها جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەت بەم پڕۆسەیە دەدات و هیوای خواست ئەمساڵیش بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت.

لەلایەکی دیکەوە، مەسعوود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، پلانە وردەکانی بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی زیارەتکاران خستە روو، هەروەها باس لە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان لە بوارەکانی گواستنەوە، تەندروستی، ئەمنی، و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خۆراک بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرا، تاوەکو هەموو قۆناغەکانی هاتن و گواستنەوەی زیارەتکاران بە بێ گرفت رایی بکرێن.

بەپێی بڕیاری لێژنەکە، پڕۆسەی هاتنی زیارەتکاران لە رێکەوتی 15ـی تەمووزی 2026ـەوە دەست پێ دەکات و تا رۆژی چلەی ماتەمینی بەردەوام دەبێت، هاوکات زیارەتکاران لەرێگەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و پاشان بەرەو بەغدا و لەوێشەوە بۆ شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا دەگوازرێنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و تیمە مەیدانییەکانەوە، هەموو ئاسانکارییەکی پێویستی لە رووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تەندروستی و ئەمنییەکانەوە دابین کردووە، بۆ ئەوەی گەشتی زیارەتکاران بە ئارامی و لە کەشێکی پارێزراودا کۆتایی پێ بێت.