ترەمپ: عێراق هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەمریکایە

سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکوومەتی نوێی عێراق نیشان دا و رایگەیاند: ئەو وڵاتە هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی واشنتنە لە کەرتی وزەدا، هاوکات وێڕای ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران، جەختی لەسەر پێویستیی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی عێراق کردەوە.

سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ئاسۆیەکی نوێی لە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا خستەڕوو. 

ترەمپ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی زەیدی لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکادا دووپاتکردەوە.

دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر سامانە سروشتییەکانی عێراق و رایگەیاند: عێراق خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی نەوت و سامانێکی فراوانە. 

هاوکات ئاشکرای کرد، کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە شێوازێک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، دەچنە بازاڕەکانی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان و دروستکردنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا.

 

هەژموونی ئێران و پێگەی سیاسیی عێراق

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، تاران پێشتر بەربەست و بارگرانییەکی گەورە بووە لەسەر عێراق و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گێچەڵکاری ئەو ناوچەیە بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە چوار مانگی رابردوودا بەراورد بە رابردوو، هێزی سەربازیی ئێران زۆر کەم بووەتەوە و

 بە گوتەی ترەمپ، ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەت دەداتە عێراقییەکان کە بڕیاری سیاسیی خۆیان بە سەربەخۆیی بدەن و لە ژێر فشاری دەرەکی رزگاریان بێت.

هەروەها رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هاتووە، بەو پێیەی ئێران خۆی یەکەم لایەن بووە پێشێلکاریی ئەنجامداوە و هێرشی کردووە.

سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ترەمپ روونی کردەوە، پێویستییان بە هێشتنەوەی سوپا لە عێراقدا نابێت، بەڵکو ئێستا ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق، تەنیا بۆ مەبەستی هاوکاری، راوێژکاری و پاراستنی هاوبەشە ئەمنییەکانە.

 

هەڵوێست لەسەر گەرووی هورمز و ئاسایشی کەنداو

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ترەمپ باسی لە کەرتی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز کرد و بیرۆکەی سەپاندنی باجی 20%ی بەسەر کەشتییەکانی ئەو گەرووەدا رەتکردەوە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو (سعودییە، ئیمارات، قەتەر و بەحرەین). 

ئاماژەی بەوە کرد، ئەم وڵاتانە ئارەزوویەکی زۆریان هەیە بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریکادا، بۆیە شایستەی باج سەپاندن نین. لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند: کە دادپەروەرانە نییە ئەمریکا پارێزگاری لەو گەرووە بکات بۆ وڵاتێکی وەک چین بەبێ بەرامبەر، بەڵام بۆ هاوپەیمانانی دیکە کێشەی لەو جۆرەیان نییە.

 

داهاتووی پەیوەندییەکان و وەسفی عەلی زەیدی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی بە سەرکردەیەکی گەنج، زیرەک، بەهێز و رێزلێگیراو ناوبرد کە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ناوخۆ و لە پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتندا دروست بکات. 

ترەمپ جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق کە پێشتر لە دۆخێکی نادڵنیاییدا بوون، ئێستا چوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتووەوە و لە داهاتوودا رێککەوتنی نوێ لە بەرژەوەندیی گەشەکردنی ئابووری هەردوو وڵات واژۆ دەکرێن.

هەروەها دەشڵێت: کۆبوونەوەی ئەوڕۆم لەگەڵ زەیدی زۆر مەزنە، چونکە عێراق وڵاتێکی زۆر مەزنە و ئێمە یارمەتیان دەدەین، هەروەها زەیدی دەبێتە سەرکردەیەکی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ترەمپ: عێراقمان خۆشدەوێت

سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشە کۆشکی سپی لە واشنتن و، لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لێ کرا.

ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی، لە میانەی پێشوازییکردنی زەیدی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: ئێمە عێراقمان خۆش دەوێت، هەروەها زەیدی کەسێکی زۆر باشە و دەتوانێت بە باشی نوێنەرایەتیی عێراقییەکان بکات.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیدا گەیشتە واشنتن.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ پەرەپێدانی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گۆڕینیان بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی کارا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی، راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و فراوانکردنی بەشداریی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخان لە عێراقدا. حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوبەشییەوە، تەکنۆلۆژیا و سەرمایەی ئەمریکی بۆ ناوخۆی وڵات ڕابکێشێت تاوەکو سیمایەکی مۆدێرن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ببەخشێت.