ناسر خلێفی بەربژێرێکی بەهێزە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا

خەریکە تۆمەتەکانی گەندەڵی بەسەر ئینفانتینۆ ساخ دەبێتەوە

ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان و ئینفانتینۆ  سەرۆکی فیفا
ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان و ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا

ئەو رووداوانەی لە مۆندیالی 2026 روویدا جارێکی دیکە پێگە و پۆستی سەرۆکایەتی فیفای خستە ژێر پرسیار، بە گوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان چەند فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهان بیر لەوە دەکەنەوە کە پشتگیری لە ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سان جێرمان بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فیفای 2027 ڕکابەری جیانی ئینفانتینۆ بکات.

ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بە درێژایی مۆندیالی 2026 ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەردەوام بووەتەوە بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی مشتومڕاوی، لەوانە بڕیارەکانی ناوبژیوانان و مەترسی خستنە سەر ژینگە بە هۆی گەشتەکانی بۆ یارییەکانی مۆندیال، بەوپێیەی ئینفانتینۆ لە رۆژێکدا لە دوو یاری مۆندیال لە وڵاتانی ئەمریکا و مەکسیک ئامادە بووە.

سەرەڕای ئەم ڕەخنانە، سەرۆکی فیفا هێشتا پشتیوانییەکی بەهێزی لە لایەن فیدراسیۆنەکانی ئەفریقا و ئاسیا لێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە ئینفانتینۆ بۆ خولی داهاتووش بەربژێرێکی بەهێز بێت بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی فیفا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی talkSPORT، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەپشت پەردەوە دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکردنی بەربژێرەکان بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی یوێفا ئەلێکساندەر چیفەرین نایەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا بەربژێر بکات و پێی باشترە بۆ خولێکی دیکە لە سەرکردایەتیکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەردەوام بێت، بەڵام ناسر خلێفی وەک بەربژێرێکی بەهێز لەلایەن فیدراسیۆنێکی ئەوروپی پەسەندکراوە و پشتگیری دەکرێت، جگە لەوەش ئەگەر خلێفی خۆی بەربژێر نەکات، داریۆس میۆدۆڤسکی سەرۆکی یانەی لیجیا وارشۆی پۆڵەندی دەبێتە بەربژێری  ئەورووپا بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.ناسر خلێفی قەتەری، لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2011، پێگەی خۆی وەک یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی تۆپی پێی جیهانی چەسپاندووە، ڕۆڵی گەورەی لە سەرکردایەتیکردنی یانە فەرەنسییەکە هەبووە، هەروەها ئێستا سەرۆکی کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا (ECA) و پۆستی سەرکردایەتی لە وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەری هەیە و بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی beIN Sports  و سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی قەتەر هەیە.
بەڵام ماڵپەڕی talkSPORT بڵاویکردووەتەوە، خلێفی لە ئێستادا خواستی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرێت دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە پۆستەکانی ئێستای بێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، چەندین فیدراسیۆنی ئەوروپی لەوانە بەلجیکا و پۆڵەندا، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتی لە کاندیدبوونی ناسر خلێفی بۆ شوێنگرەوەی ئینفانتینۆ.
ماڵپەڕی talkSPORT ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە بەشێک لە فیدراسیۆنی وڵاتانی ئەورووپا هەندێک بەڵگەی گەندەڵی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفایان لە بەردەستە دەیسەلمێنێت ئینفانتینۆ بە وەرگرتنی رەشوە تۆمەتبارە.