کەرکووک؛ جووتیارێک لە کاتی بەرگریی لە رەنجی ساڵێکی کوژرا
شەوی رابردوو لە گوندی سیامەنسوور سەر بە شارەدێی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک، رووداوێکی تەقەکردن لە نێوان جووتیاران و گروپێکی دزدا رووی دا، لە ئەنجامدا جووتیارێکی کورد گیانی لەدەست دا و جووتیارێکی دیکەی عەرەبیش بریندار بوو.
چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، ئەو جووتیارە کوردەی لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە لایەن گرووپێکی دزەوە، لە کاتی بەرگریکردن لە بەرهەمی ساڵێکی رەنج و ماندووبوونی کوژرا، ناوی ستار جەبارە، تەمەنی 53 ساڵە و خاوەنی دوو هاوسەر و حەوت منداڵە، دوای ئەوەی هەستی بە دزینی بەشێک لە بەرهەمی گەنمەکەی کردووە، لەگەڵ دوو جووتیاری دیکەی هاوڕێی کە بە رەگەز عەرەبن، بەدوای دزەکاندا کەوتوون، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەدا، دزەکان تەقەیان لێ کردوون و ستار جەبار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
سەعد زێدان، یەکێک بووە لە هاوەڵەکانی ستار جەبار و لە رووداوەکە رزگاری بووە، لەبارەی وردەکاریی چۆنیەتی رووداوەکە دەڵێت: "کاتێک بەدوای دزەکاندا کەوتین، ئۆتۆمبێلەکەیان گیریخوارد، دواتر ئەوان دەستبەجێ دەستڕێژی فیشەکیان لێ کردین، هەروەها گوتیشی، سەرەتا تەقەیان لە ستار کرد، دواتر من توانیم بە ئاراستەی چەمێک رابکەم و خۆم رزگار بکەم، بەڵام ئەوان نزیکەی 15 فیشەکیان بە ئاراستەی ئێمە تەقاند."
لە لایەکی دیکەوە، کەسوکاری قوربانییەکە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ستار جەبار پێشتر چەندین جار لایەنە ئەمنییەکانی لە هەبوونی مەترسی و دزینی بەرهەمەکەی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی وەڵامی پێویست و بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا، ناچار بووە خۆی پارێزگاری لە سەر و ماڵ و مەڕوماڵاتەکەی بکات.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لەسەر رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک رایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکانیان گەیشتووەتە سەرەداوی گرنگ و ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بووە، پۆلیس جەختی کردووەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا بکوژەکان دەستگیر دەکرێن و رادەستی یاسا دەکرێن.