ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران و رووسیادا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە کۆمەڵێک سزای نوێی لە بواری رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەک و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سەپاندووە، سزاکان چەند لایەن و قەوارەیەک لە ئێران و رووسیا دەگرێتەوە.

چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، زنجیرەک سزای نوێی بەسەر چەند لایەنێکی ئێرانی و رووسی دا سەپاندووە بە مەبەستی ئەوەی چیدیکە چەک نەگات بە دەستی ئەو گرووپ و قەوارانەی کە لە کاری ئاژاوەگێڕی و تیرۆردا تێوەگلاون و لەگەڵ ئەو لایەنە رووسی و ئێرانیانە بازرگانی چەک دەکەن، هەروەها ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوای رۆژێک دێت لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئاشکرای کردبوو ئیدارەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بخاتە ناو چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیاسایەی کە تایبەتە بە سزاکانی سەر رووسیا.

پێشتر و لە رۆژی سێشەممەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەندین کەسایەتی، قەوارە و کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێراندا سەپاندبوو، هاوکات، واشنتن مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە دەدات بە کۆتاییهێنان بە هەندێک چالاکیی دیاریکراو و ئەنجامدانی مامەڵەی تایبەت بە سەلامەتی و ژینگە، لەگەڵ بەتاڵکردنی باری ئەو کەشتییانەی لە لیستی سزادراوەکاندان.