خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 بڵاوکرایەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و پیشەیی ناحکوومی) بۆ خولی دووەمی ساڵی خوێندنی (2025-2026) بڵاو کردەوە، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی فەرمیی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (خولی دووەم)ـی بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) بڵاو کردەوە.

بە پێی ئەو خشتانەی بڵاو کراونەتەوە، تاقیکردنەوەکان سەرجەم بەشە ئەکادیمی و پیشەییەکان دەگرێتەوە، کە پێکدێن لە بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی بە هەموو لقەکانییەوە، لەگەڵ پیشەیی ناحکوومی).

پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دابەش کراوە بەسەر رۆژانی هەفتەدا، بە جۆرێک تەنیا رۆژانی (یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممە)ی هەموو هەفتەیەک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت. یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکان دەکەوێتە رێکەوتی (11ـی 8ـی 2026) و کۆتا تاقیکردنەوەش لە رێکەوتی (27ـی 8ـی 2026) دەکرێت.

لە پاڵ خشتەی بابەتەکاندا، وەزارەتی پەروەردە جەختی لە چەند رێنماییەکی گرنگ و بنەڕەتی کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم قوتابییان پێوەی پابەند بن.

کاتی دەستپێکردن: تاقیکردنەوەکان رۆژانە کاتژمێر (7:30)ـی بەیانی دەست پێدەکەن، بۆیە پێویستە قوتابییان پێش ئەو کاتە لە هۆڵەکانیاندا ئامادە بن.

مامەڵەکردن لەگەڵ پشووەکان: ئەگەر هەر رۆژێکی تاقیکردنەوە هاوکات بوو لەگەڵ پشوویەکی فەرمیدا، ئەوا دەچێتە رۆژی دواتر و خشتەکە بە هەمان ریزبەندی پێشوو بەردەوام دەبێت.

بەکارهێنانی ئامێری بژمێر (حاسیبە): بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە ئامێری بژمێر هەیە، قوتابییان تەنیا مافی ئەوەیان هەیە ئەو جۆرە ئامێرانە بەکار بهێنن کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە رێگەپێدراون، بەکارهێنانی هەر ئامێرێکی دیکە قەدەخەیە.