فیفا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئەنگوستیلەی تایبەت دەبەخشێتە براوەی مۆندیال

لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا، بڕیاری دا سوود لە نەریتێکی کۆنی ئەمریکا وەربگرێت و ئەنگوستیلەیەکی زێڕ پێشکەشی راهێنەر و سەرجەم یاریزانانی براوەی مۆندیالی 2026 بکات.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە پێگەی فەرمی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە 2026 دانە ئەنگوستیلەی زێڕ دروست دەکەن، 30 دانەی پێشکەشی راهێنەر و یاریزانانی براوەی مۆندیالی 2026ـی دەکەن، ئەم بیرۆکەیەش لە ئەمریکا وەرگیراوە کە تێیدا ئەڵقەی یادگاری دەبخشرێتە پاڵەوانانی خولەکانی ئەمریکا.
فیفا لە بەیاننامەکەیدا هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئەو 1996 دانەی کە لە ئەنگوستیلەیەکان دەمێنێتەوە دەخرێتە بازاڕ و هاندەران دەتوانن بیکڕن، مەبەستیش لە دروستکردنی ئەو ئەنگوستیلانە بۆ ئەوەیە ببێتە یادگارییەکی گەورە و لە خەیاڵی یاریزانان و هاندەران بمێنێتەوە.
بە گوێرەی بەیاننامەکەی فیفا ئەو ئەنگوستیلانە بەگوێرەی قەبارەی پەنجەی یاریزانی براوە دروست دەکرێن، لە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، سەرەتا فیفا دوو ئەنگوستیلەی کاتی دەبەخشێتە راهێنەر و کاپتنی تیمی براوە، هەر ئەوکاتیش قەبارەی پەنجەی براوەکانی دیکە وەردەگیرێت و لە ماوەی چەند کاتژمێرێک دەست بە دروستکردنی 30 ئەنگوستیلەی زێڕ دەکەن.
فیفا روونیکردووەتەوە، لەسەر ئەڵقە و ئەنگوستیلەکان دیزاینی جامی جیهانی هەیە و تایبەتمەندییەکانی وڵاتی براوەی لەسەر دەنەخشێنرێت، جگە لەو ئەنگوستیلانە، تیمی براوە مێدالیا و جامی مۆندیالیش وەردەگرن.
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریگەی نیوجێرسی لە نیویۆرک یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لە نێوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەڕێوە دەچێت، سلاڤکۆ ڤینچیچ ناوبژیوانی سلۆڤینی یارییەکە بەڕێوە دەبات.