بەرپرسێکی ئێران: شاندی دانوستانکارمان نەچووە بۆ هیچ وڵاتێک
بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانی راستیی ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە کە باس لە گەشتکردنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی بۆ دەرەوەی ئێران دەکەن و جەختی کردەوە، ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "نوور نیوز"ی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسەکەی رایگەیاندووە: "بە پێچەوانەی هەندێک کەمپەینی میدیایی، شاندی دانوستانکاری ئێران هیچ گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام نەداوە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە تەنیا بۆ مەبەستی چەواشەکاریی میدیاییە.
ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە، لە نێوەندە سیاسییەکاندا باس لە ئەگەری جوڵەی دیپلۆماسی نوێ دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی هەواڵی کۆبوونەوەی دەرەوەی وڵاتی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی چین و پاکستان لە دوای کۆبوونەوەیەکیان لە شاری شەنگەهای، رۆژی هەینی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد جەنگ و پێکدادانەکان رابگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، وانگ یی و ئیسحاق دار نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە تێکچوونی دۆخی ناوچەکە دەربڕی و داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس بیزنیس" رایگەیاند، ئێران ئارەزووی ئەنجامدانی کۆبوونەوە دەکات، ترەمپ گوتی: "ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن و دەبینین ئایا دەتوانین لەگەڵیان بگەینە ئەنجام یان نا".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، ناوچەکە لە سایەی گرژییە سەربازییە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاراندا، لە بارودۆخێکی هەستیاردایە.