سلێمانی.. پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ یادی هونەرمەند کەریم ئەمین کرایەوە

لەلایەن لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ یادی هونەرمەندی کۆچکردوو  کەریم ئەمین، لەژێر ناونیشانی "رێگای رەنگ"، لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی کرایەوە.

دکتۆر رۆژگار کەمال، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دەڵێت، "ئەم پێشانگەیە کۆمەڵێک لە بەرهەمە دیار و بەنرخەکانی ئەو هونەرمەندەمان نمایش کرد، کە بە درێژایی ژیانی هونەریی خۆی، بە شێوازێکی تایبەت و زمانێکی رەنگاورەنگ، جوانیی سرووشتی کوردستانی خستووەتە سەر تابلۆکان.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەمموزی 2026، دکتۆر رۆژگار کەمال، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە بوو بە شوێنێک بۆ گەڕانەوە بۆ یادەکان و باسکردنی رۆڵ و کاریگەریی عەبدولکەریم حەمە ئەمین لە پەرەپێدانی هونەری وێنەکێشانی کوردستاندا. ئەو لە رێگەی تابلۆکانییەوە توانیوێتی زمانێکی تایبەتیی هونەری دروست بکات و سرووشت، ئاو، شاخ، زەوی و رەنگەکانی ژیان بە شێوەیەکی هەستبزوێن پێشکەش بکات."

رۆژگار کەمال گوتیشی، "ئەم پێشانگەیە تەنیا پیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکان نەبوو، بەڵکو بووە نامیلکەیەکی رێزلێنان بۆ ژیان و ماندووبوونی هونەرمەندێک کە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی هونەر تەرخان کرد. هەر تابلۆیەک وەک بەڵگەیەک لە بیرکردنەوە، ئەزموون و خەیاڵی ئەو هونەرمەندە دەبینرێت و گوزارشت لە پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ و سرووشت دەکات."

رۆژگار کەمال باس لە گرنگیی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم جۆرە پێشانگەیانە لەوەدایە کە یادی هونەرمەندانی کۆچکردوو زیندوو دەکەنەوە و بەرهەمەکانیان لە بیرچوونەوە دەپارێزن. ئەگەرچی هونەرمەند لەنێوماندا نەماوە، بەڵام بەرهەمەکانی هێشتا قسە دەکەن، هەست و بیرۆکەکان دەگوازنەوە و وەک پەیامێکی بێدەنگ لەگەڵ هەر بینەرێک گفتوگۆ دەکەن. ئەم بۆنانە هەروەها دەرفەتێکن بۆ ئەوەی جیلی نوێ لە نزیکەوە ئاشنا ببێت بە مێژوو و ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆی و فێری ئەو بەها هونەری و مرۆییانە ببێت کە بەرهەمەکان لەخۆیاندا هەڵدەگرن."

رۆژگار کەمال ئاماژەی بەوەش دا، "پاراستنی میراتی هونەری، تەنیا پاراستنی تابلۆ و بەرهەم نییە، بەڵکو پاراستنی یاد، بیرکردنەوە، ناسنامەی کولتووری و مێژووی گەلێکە. لەبەر ئەوە، پێشانگەی "رێگای رەنگ" وەک پەیامێکی روون وایە کە هونەر کۆتایی بە ژیانی هونەرمەند ناهێنێت، بەڵکو بەرهەمەکانی دەبنە پردێک لە نێوان رابردوو و ئێستا، و یادی ئەو کەسانە زیندوو دەپارێزن کە بە رەنگ و خەیاڵ، جوانییان بۆ کۆمەڵگە بەجێهێشتووە."

لەلایەن لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان،  پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ یادی هونەرمەندی کۆچکردوو  کەریم ئەمین، لەژێر ناونیشانی "رێگای رەنگ"، لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە لە سلێمانی کرایەوە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

کەریم ئەمین، هونەرمەندی شێوەکاری کۆچکردوو، لەساڵی 1959 لە سلێمانی لەدایکبووە. لە درێژایی ژیانی هونەریدا بەشداری چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی کردووە و بە شێوازێکی تایبەت لە تابلۆکانی خۆیدا جوانیی سرووشتی کوردستان و رەنگەکانی ژیانی گواستەوە. هەروەها ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بوو و بەرهەمەکانی تا ئێستاش وەک بەشێکی بەنرخی میراتی هونەری کوردستان ناسراون.
کەریم ئەمین، هونەرمەندی شێوەکار، لە 10ی حوزەیرانی 2026 کۆچی دوایی کرد.