ئێران هۆشداریی چۆڵکردنی بەندەر و فڕۆکەخانەکان دەداتە ئیمارات
بەرپرسێکی سەربازیی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر یەکرتووەکانی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانەکانی وڵاتەکەی، ئەوا فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی ئیمارات دەکەنە ئامانج.
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی "فارس" لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە هێزە چەکدارەکانی ئێران گواستییەوە: "ئەگەر ئەمریکا ئەمشەو هێرش بکاتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی وڵات، ئەوا بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە هێرشە پێچەوانەکانی ئێران، پێویستە فڕۆکەخانەکانی دوبەی و ئەبوزەبی، هەروەها بەندەرەکانی فۆجەیرە و جەبەل عەلی دەستبەجێ چۆڵ بکرێن."
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، چەندین هێرشی سەربازیی ئەمریکا ناوچەکانی دەوروبەری "سیریک"یان کردووەتە ئامانج.
ئەم هەڕەشانەی ئێران دوای ئەوە دێن، شەوی رابردوو چەندین ناوچەی جیاوازی ئێران زنجیرەیەک تەقینەوەی نوێیان بەخۆوە بینی، لەوانە پێنج هێرش لە دەوروبەری شاری یەزد لە ناوەڕاستی ئێران و هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەک لە دەوروبەری ئەهواز. ئەمە لە کاتێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو تانکەری نەوت بەهۆی "مینێکی دەریایی"یەوە تەقینەوەیان تێدا رووداوە.