خەلیل حەیە بە سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی حەماس هەڵبژێردرا
بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی هەڵبژاردنی خەلیل حەیە، سەرکردەی دیار و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری بزووتنەوەکەی وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی راگەیاند، وەک جێگرەوەی یەحیا سنووار کە لە کاتی جەنگی غەززەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە: " بزووتنەوەکە هەڵبژاردنی خەلیل حەیە وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، وەک جێگرەوەی فەرماندەی شەهید یەحیا سنووار رادەگەیەنێت."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، ئیسرائیل یەحیا سنووار، کە بە یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دادەنرا، دوای ساڵێک لەو هێرشە کوشت، لە ماوەی رابردوودا و دوای کوژرانی سنووار، کاروباری بزووتنەوەکە لەلایەن ئەنجوومەنێکی سەرکردایەتییەوە بە سەرۆکایەتی محەممەد دەروێش بەڕێوەدەبرا.
خەلیل حەیە لە ساڵی 1960 لە غەززە لەدایکبووە، ناوبراو لە مانگی ئەیلوولی 2025، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تری بزووتنەوەکە لەوانە خالید مەشعەل، لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە لە وڵاتی قەتەر رزگاری بوو، کە تێیدا چەند کەسێک کوژران، لەوانە یەکێک لە کوڕەکانی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی.
هەروەها خەلیل حەیە لە کۆتایی نەوەدەکاندا سێ ساڵی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بەسەر بردووە، و لە ساڵانی 2007 و 2014شدا لە دوو هەوڵی تری تیرۆرکردن رزگاری بووە.