مێخەک لە نێوان سوود و مەترسییەکاندا

مێخەک لە کۆنەوە لە پزیشکیی میللیدا وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ زۆر کێشەی تەندروستی بەکاردەهێنرێت، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوودە ئەگەرەییەکانی بۆ تەندروستیی دەمار هێشتا پێویستیان بە بەڵگەی زانستی و کلینیکی زیاترە بۆ سەلماندن.

مێخەک کۆمەڵێک پێکهاتەی چالاک لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان "ئۆجینۆڵ"ـە و بە تایبەتمەندییەکانی وەک دژە ئۆکسان و دژە هەوکردن دەناسرێت، توێژەران پێیان وایە ئەم تایبەتمەندییانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی سترێسی ئۆکسانی و هەوکردن، کە دوو هۆکاری سەرەکین لە تێکچوونی خانە دەمارییەکان بەهۆی هەڵکشانی تەمەن یان هەندێک نەخۆشیی دەمارییەوە.

بەپێی ئەوەی ناوەندی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ زانیاریی تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی (NCBI) بڵاوی کردووەتەوە، توێژینەوە تاقیگەییەکان و تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاژەڵ نیشانیان داوە، ئۆجینۆڵ کاریگەریی پارێزەرانەی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەیە، بەڵام ئەم ئەنجامانە هێشتا لەسەر مرۆڤ و لە رێگەی تاقیکردنەوە کلینیکییە فراوانەکانەوە نەسەلمێندراون.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەو باوەڕەی کە خواردنی رۆژانەی مێخەک بیرەوەری بەهێز دەکات یان دەمارەکان دەپارێزێت، توێژەران جەخت دەکەنەوە، بەڵگە بەردەستەکان تا ئێستا بە شێوەیەکی بنبڕ پشتگیریی ئەم بانگەشانە ناکەن. پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و پەیڕەوکردنی شێوازێکی تەندروستی ژیان، باشترین و زانستیترین رێگەن بۆ پاراستنی فرمانی مێشک و دەمارەکان.

لە بەرامبەردا، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری مێخەک، بەتایبەت رۆنە خەستکراوەکەی؛ چونکە رێژەیەکی زۆری "ئۆجینۆڵ"ی تێدایە کە رەنگە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە جگەر و زیادبوونی مەترسیی کێشەکانی خوێنبەربوون.

بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت مێخەک بە رێژەیەکی مامناوەند لەناو خۆراکدا بەکاربهێنرێت و دوور بکەوینەوە لە بەکارهێنانی رۆن یان تەواکەرە خۆراکییەکانی بە بڕی زۆر بەبێ راوێژی پزیشک، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە یان دەرمانی روونکردنەوەی خوێن بەکاردەهێنن.