دوو قوتابیی کورد پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا

کۆژین مەعروف و نیڤار بەختیار
کۆژین مەعروف و نیڤار بەختیار

دوو قوتابیی کوردی کەرکووک لە خوێندنی کوردی و عەرەبی، پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی عێراق بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی بەدەست هێنا. 

دوو قوتابیی کورد لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ ئەنجامێکی بێوێنەیان تۆمار کرد و هەردووکیان بە کۆنمرەی 100 پلەی یەکەمیان وەرگرت.

یەکێک لە قوتابییەکان ناوی نیڤار بەختیار عادلە، خوێندکاری ئامادەیی شیرینە بۆ خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک و توانیویەتی ببێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق.

لە هەمان کاتدا، قوتابییەکی دیکەی کورد بە ناوی کۆژین مەعروف عەبدوڵڵا، لە ئامادەیی بەیدا لە خوێندنی عەرەبی، بە هەمان شێوە کۆنمرەی 100ـی بەدەست هێناوە و بووەتە یەکەمی سەر ئاستی خوێندنی عەرەبی لە عێراق.

لە بەرانبەر ئەم دەستکەوتەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی لە نیڤار بەختیار کرد. وەزیری پەروەردە خۆشحاڵیی خۆی بەم ئەنجامە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست.

هەروەها لە پەیامەکەیدا ئالان حەمە سەعید، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوێندکارانی دەرچووی خوێندنی کوردی و عەرەبی لە کەرکووک کرد و دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی خۆی گەیاندە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی لەو شارە، لە پای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە داویانە.