ئێران لە بارەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران بە فەرمی رایگەیاند، تاران هیچ هەوڵێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا نادات، ئەم لێدوانە وەک وەڵامێکی توند بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە باسی لە خواستی ئێران بۆ گفتوگۆ کردبوو.

چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد: "سەرۆکی ئەمریکا پێویستە بە دوای رێگەی باشتردا بگەڕێت بۆ رزگاربوون لەو تەنگژەیەی تێی کەوتووە،" قەشقاوی دەڵێت، "درۆ تاقیکراوەکان چیتر ناتوانن تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش ئارامی بۆ بازاڕەکان بگەڕێننەوە،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی واشنتن بۆ کاریگەری خستنە سەر بازاڕی نەوت.

ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، رۆژی سێشەممە لە کاتی پێشوازیکردن لە جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران دەیەوێت کۆبوونەوەی نوێ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات، بەڵام واشنتن تا ئەو کاتەی تاران بە شێوەیەکی بەرجەستە ئامادە نەبێت، گرنگی بە دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان نادات، ترەمپ جەختی کردەوە، ئەمریکا هێشتا کارەکانی لەگەڵ ئێران تەواو نەکردووە و هێرشە سەربازییەکان بەردەوام دەبن.

لە رووی مەیدانییەوە، سوپای ئەمریکا بۆ دەیەم شەوی لەسەریەک بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران، لەم بارەیەوە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 27ـی حوزەیرانەوە تا ئێستا، 43 کەس کوژراون و 592 کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بریندار بوون.

سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا بەردەوامن، ئەمە لە کاتێکدایە پاکستان رایگەیاندووە هەوڵ دەدات لایەنەکان هان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان واژۆ کرابوو.