ئەوروپا لەبارەی هێرشی حوسییەکانەوە هۆشداری دەداتە ئەمریکا و سعوودیە و ئیسرائیل
ئەرکی دەریایی یەکێتی ئەوروپا (ئەسپیدیس) هۆشداریدا، ئەو کەشتییە بازرگانییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و سعوودیە هەیە، رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی هێرشەکانی گرووپی حوسییەکانی یەمەن دەبنەوە.
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، ئەسپیدیس رێنمایی ئەم کەشتییانەی کردووە کە تا ئەو کاتەی ئاستی هەڕەشەکان کەمدەبێتەوە، خۆیان لە رۆیشتن بە ناو دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بپارێزن، لە تێبینییەکدا کە ئاراستەی کەرتی گواستنەوەی دەریایی کراوە، هاتووە، "هێزی ئەسپیدیس راسپاردە دەداتە ئەو کەشتییانەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا یان سعوودیە دەپارێزن، کە دووربکەونەوە لە رێڕەوی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن."
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەگەر حوسییەکان هەڕەشەکانیان بۆ گەمارۆدانی جووڵەی بازرگانی دەریایی جێبەجێ بکەن، واشنتن بێدەنگ نابێت و مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی گواستنەوەی دەریایی لە گرووپی بۆرسەی لەندەنەوە ئاشکرایان کردووە، دوو کەشتی نەوت هەڵگری سعوودیە کە بڕێکی زۆر نەوتی خاویان بارکردبوو و بەرەو چین و هیندستان دەچوون، رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەشتییانە لە ناوەراستی دەریای سوورەوە بەرەو کەناڵی سوێس گەڕاونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشدارییان لەلایەن حوسییەکانەوە پێگەیشتبوو.