ئەکسیۆس: ترەمپ یەکلایی دەبێتەوە؛ جەنگی گشتگیر یان رێککەوتن لەگەڵ تاران
پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات کە کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گفتوگۆدان بۆ کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەفتەی داهاتوودا، لە کاتێکدا ترەمپ لە بەردەم بڕیاردانی یەکلاکەرەوەدایە بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی گشتگیری هاوبەش دژی تاران یان قبووڵکردنی پێشنیازی ئاگربەستی قەتەری.
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆی چڕ بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لە هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە هێشتا وادەی فەرمیی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
ئەو پێگەیە ئاماژەی داوە، ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە لە کاتێکدایە ترەمپ لە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە سەبارەت بە داهاتووی جەنگی ئێران، کە تێیدا واشنتن تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: یەکەمیان قبووڵکردنی دەستپێشخەرییەکی نوێی قەتەرییە بۆ ئاگربەست و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، و دووەمیشیان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازییە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ناچارکردنی تاران بە خۆبەدەستەوەدان، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کە لە 28ـی شوباتدا جێبەجێ کرا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ناتانیاهۆ هەفتەی رابردوو داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ کردبوو بەڵام بەهۆی دواخرانی مەراسیمی پرسەی سیناتۆری کۆچکردوو لیندزی گراهام گەشتەکەی دواخست، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بۆ بەشداریکردنی لە مەراسیمەکەدا بگاتە واشنتن.
ناتانیاهۆ لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا، شەش جار سەردانی ئەمریکای کردووە، کە ئەمەش زۆرترین رێژەیە لە نێوان سەرکردەکانی جیهاندا، سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا لە لایەن دیموکراتەکان و هەندێک لە لایەنگرانی ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکادا ڕەخنەی لێدەگیرێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە سوپاکەیان خۆی بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر و پەرەسەندنی جەنگی گشتگیر لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا ئامادە کردووە، بەڵام هاوکات ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێوەگلانی راستەوخۆی ئیسرائیل لەو جەنگەدا تەنیا لە حاڵەتی هێرشکردنە سەری لە لایەن ئێرانەوە، یان لەسەر داوای فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.