فەرەنسا هێزی بەرگری و رادار بۆ پاراستنی گەرووی یەنبەع دەنێرێت
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ ریاز، سەرباز، رادار و سیستەمی بەرگری رەوانەی سعوودیە دەکات بۆ پاراستنی کێڵگە و بەندەری نەوتیی یەنبەع لەسەر دەریای سوور، ئامانج لەم هەنگاوەشی هێورکردنەوەی بازاڕەکانی نەوتە لە جیهاندا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکانی "TF1" و "France 2" ئاشکرایکرد، ئەرکی هێزەکانی فەرەنسا تەنیا پاراستنی ئەو بنکە نەوتییەیە و ئامانجیان بەشداریکردن نییە لە هیچ ململانێ و جەنگێکدا.
ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە، پاراستنی بەندەری یەنبەع پەیوەستە بە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. بەندەری یەنبەع بایەخێکی ستراتیژی هەیە و وەک دەروازەیەکی سەرەکیی سعوودیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لەڕێگەی دەریای سوورەوە ئەژمار دەکرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئاڵۆزی و ئاستەنگ لەبەردەم کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دروست بووە.
پێشتر ماکرۆن ئاماژەی بە گرنگیی دەستەبەركردنی ئاسایشی هێڵی بۆڕیی نەوتی سعوودیە دابوو کە نەوت بۆ یەنبەع دەگوازێتەوە، وەک رێگەیەکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت.
هەروەها ئاژانسی سکای نیوز لە سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، سعوودیە لە 22ی ئەیلوولدا هێڵی بۆڕیی نەوتی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"ی کارا کردووەتەوە، دوای ئەوەی لە 13ی ئیەلوول بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە راگیرابوو. وەزارەتی بەرگریی سعوودیەش رایگەیاندبوو لە 19ی ئەیلوول چەندین هەوڵی هێرشکردنە سەر یەنبەعیان پووچەڵ کردووەتەوە.
بایەخی دەروازەی دەریای سوور بەرەو زیادبوون دەچێت، بەگوێرەی شیکاریی داتاکانی کەشتییەکان، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو لە گەرووی هورمز لە مانگی ئەیلوولدا بەراورد بە قۆناخی پێش جەنگ لە ئاستێکی نزمتردا ماوەتەوە.