کۆمپانیاکان 450 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران دەکڕنەوە

دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە دەستی کرد بە کڕینەوەی گەنمی ماوەی جووتیاران، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و رێگریکردن لە زیانمەندبوونی جووتیاران.

چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 250 هەزار تۆن گەنم لەلایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوانەوە وەردەگیرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە لە 20ـی تەممووزەوە دەستیپێکردووە و تا 20ـی ئاب بەردەوام دەبێت. 

بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم گوتیشی، هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕدرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەم نرخە کەمترە لە نرخی سایلۆکانی حکوومەت، بەڵام لە نرخی بازاڕی ئازاد زیاترە."

هاوکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو بڕە گەنمەی کە لای جووتیاران ماوەتەوە و سایلۆکان وەریان نەگرتووە، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بۆ ئەوەی 200 هەزار تۆن گەنمی دیکە لە لایەن 11 کۆمپانیای جیاوازەوە بکڕدرێتەوە، هاوکات بڕیار وایە ئەم بڕە گەنمە بە ئاسانکاری حکوومەت، لە لایەن ئەو کۆمپانیایانەوە هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکرێت.

ئەم دەستپێشخەرییەی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانی عێراق کۆتاییهاتنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەرچەندە بەغدا پشکی هەرێمی بۆ ئەمساڵ بە 400 هەزار تۆن دیاریکردبوو، بەڵام تەنیا 388 هەزار تۆنی لێ وەرگرتووە و زیاتر لە 12 هەزار تۆن لەو پشکە و بڕێکی زۆری گەنمی دەرەوەی پلانەکە لای جووتیاران ماوەتەوە.