هۆڵەندا.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری کۆنسێرتێکی جیهانی کرد

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەچەند گۆرانییەکی کوردی بۆ کولتوورە جیاوازەکان، لەگەڵ گروپی موزیکی ئارتین، بەشداری کۆنسێرتێکی جیهانی لەشاری هارلەمی وڵاتی هۆڵەندا کرد و دەڵێت، "بەشداریی من وەک کوردێک لەو کۆنسێرتەدا نیشانەی ئەوەیە کە هونەری کوردی توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ هەموو جۆرە موزیک و کولتوورەکان گفتوگۆ بکات و شوێنی خۆی لە شانۆ نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەمموزی 2026، کاروان حەمید حەڵاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "بۆ من زۆر مایەی شانازی بوو کە لە شاری هارلەمی هۆڵەندا، لە کۆنسێرتێکی نێودەوڵەتی بۆ کولتوورە جیاوازەکان، لەگەڵ گروپی موزیکی ئارتین لەسەر یەک شانۆ وەستام. ئەم کۆنسێرتە تەنیا بەرنامەیەکی مۆسیقی نەبوو، بەڵکو کۆبوونەوەی هونەرمەندانی چەندین کولتوور و زمان بوو، کە هەریەکەیان بە هونەرەکەی خۆی پەیامی ئاشتی، هاوژیانی و یەکتر ناسینی دەگەیاند."

گوتیشی، "ناوەڕۆکی کۆنسێرتەکە لەسەر تێکەڵکردنی موزیکی رۆژهەڵات و موزیکی ئەوروپی دامەزرابوو. هەر پارچەیەک چیرۆکێکی تایبەتی خۆی هەبوو و بینەران لەگەڵ ئاواز و سازە جیاوازەکان گەشتێکی هونەرییان ئەنجامدا. ئەو هاوکارییەی لەنێوان گۆرانیبێژ و موزیسیانەکان هەبوو، وای کرد کە کۆنسێرتەکە ببێتە شوێنێک بۆ گفتوگۆی کولتوورەکان، نەک تەنیا شوێنێک بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی."

ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگیی بەشداریکردنی لەو کۆنسێرتە جیهانییە دەکات و دەڵێت، "وەک هونەرمەندێکی کورد، هەستم بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە کرد کاتێک لەسەر ئەو شانۆیە وەستام، چونکە لەگەڵ دەنگی خۆم هەوڵم دا بەشێک لە ناسنامە، مێژوو و کولتووری گەلی کورد بگەیەنم. بەشداریی من وەک کوردێک لەو کۆنسێرتەدا نیشانەی ئەوەیە کە هونەری کوردی توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ هەموو جۆرە موزیک و کولتوورەکان گفتوگۆ بکات و شوێنی خۆی لە شانۆ نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت."

دەربارەی ئەو پێشوازییە گەرمەی لەو کۆنسێرتە لێی کرا، کاروان حەمید حەلاق دەڵێت، "لە ماوەی کۆنسێرتەکەدا پێشوازییەکی زۆر گەرم لەلایەن ئامادەبووانەوە بینرا، ئەوە بۆ من دڵخۆشکەر بوو کە ببینم بینەران، بەبێ جیاوازیی زمان و رەگەز، لەگەڵ موزیک پەیوەندی دروست دەکەن. ئەوە جارێکی دیکە سەلماندی کە هونەر زمانێکی جیهانییە و دەتوانێت دڵەکان لێک نزیک بکاتەوە."

کاروان حەمید حەلاق ئاماژەی بەوەش دا، "باوەڕم وایە هەر کاتێک هونەرمەندێکی کورد لە شانۆیەکی وەهادا ئامادە دەبێت، تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی موزیک، زمان و کولتووری گەلێک دەکات کە مێژوویەکی دەوڵەمەند و هونەرێکی رەسەنی هەیە. ئەم جۆرە بەشدارییانە دەرفەتێکن بۆ ناساندنی رووی جوانیی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان هونەرمەندانی جیهان."

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی شاری کەرکووکە و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. لە دەرەوەی بەشداری چەندین فێستیڤاڵی هونەری کولتوورە جیاوازەکانی کردووە.