کوەیت: هێرشکرایە سەر مەرزی عەبدەلی لەسەر سنووری عێراق

گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری کوەیت رایگەیاند، مەرزی سنووری "عەبدەلی" رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی دوژمنکارانە بووەتەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی ماددی بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.

پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، سعوود عەتوان گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری کوەیت رایگەیاند، مەرزی سنووری عەبدەلی کە دەکوێتە نێوان کوەیت و عێراق، رووبەڕووی هێرشی درۆنی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تایبەتمەندەکان دەستبەجێ دوای روداوەکە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی ناوچەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گرتووەتە بەر.

هەروەها گوتیشی، تیمەکانی پشکنین و هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی سەر بە هێزی وشکانی، بەردەوامن لە کارەکانی رووپێوکردن و پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەی درۆنەکان، ئەمەش بەپێی رێکارە تەکنیکییە پەسەندکراوەکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی شوێنەکە و چۆڵبوونی لە هەر مەترسییەک.

لە کۆتایی جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی کوەیت بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرک و فەرمانەکانیان بە کاراییەکی بەرز، لە چوارچێوەی ئامادەباشی بەردەوام بۆ پاراستنی سنورەکانی کوەیت و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە.