ترەمپ: ئێران و حوسییەکان باجێکی گەورەی کردەوەکانیان دەدەن
سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی توندی ئاراستەی ئێران و گرووپی حوسییەکان کرد، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێک کە کەشتییەکان بکاتە ئامانج.
پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "ساڵێک لەمەوبەر، ئەمریکا هێرشێکی بەهێزی کردە سەر حوسییەکان بەهۆی دەستوەردانیان لە کاروباری بازرگانی و تەقەکردن لە کەشتییەکان، لەو کاتەوە و لە ماوەی ململانێکانمان لەگەڵ ئێران، ئەوان بە بەرپرسیارێتییەکی زۆرەوە مامەڵەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە ئێستا گەڕاونەتەوە سەر رەفتارەکانی پێشوویان و شەوی رابردوو تەقەیان لە دوو کەشتی سعوودی کردووە."
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دا و گوتی: "هیوادارم ئەم راستییە ببێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم کارە دووبارە بکەنەوە، ئەوا ئەمریکا ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حوسییەکان وەک بریکار یان نوێنەری ئێران کار دەکەن، لەو حاڵەتەدا سزایەکی سەربازی گەورە بەسەر ئێران و حوسییەکاندا دەسەپێندرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەست بە بێئومێدییەکی زۆر دەکات بەرامبەر حوسییەکان، چونکە وەک خۆی دەڵێت تاوەکو ئێستا "بە پیشەیی و زیرەکانە" رەفتاریان دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکەیان گۆڕیوە.
ئەم هەڕەشەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو، "کەشتیی (ENCELIA) کە سەر بە کۆمپانیایەکی سعوودییە، لە کاتی گەشتکردنیدا لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج، بەو هۆیەوە ئاگر لە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە کەوتووەتەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "جۆری"یان لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە و تێیدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییەیان کردووەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای کرد: کەشتییە سعوودییەکانن بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی دەریاییان پێشێل کردبوو، بۆیە هێرشمان کردە سەریان.
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و مووشەکەکان بە وردی لە ئامانجەکانیان داوە.