ئەمریکا سزای بەسەر بەرپرسێکی باڵای ئیخوان و تۆڕێکی هاوکاریی حەماسدا سەپاند

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی میسر، لەگەڵ سێ کەسایەتی و سێ دامەزراوەدا سەپاند کە پشتیوانیی ماددیان پێشکەشی بزووتنەوەی حەماس کردووە.

پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر بەرپرسێکی باڵا لە رێکخراوی ئیخوان موسلیمین و چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی دیکەدا سەپاندووە کە پاڵپشتی دارایی حەماسییان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دووان لەو دامەزراوانە، رێکخراوی خێرخوازیی ساختەی سەر بە ئیخوان موسلیمینن و بڕێکی زۆر پارەیان بۆ باڵی سەربازیی حەماس رەوانە کردووە، لە کاتێکدا ئەو رێکخراوە ئاستەنگ لەبەرامبەر چارەسەری ئاشتییانە لە غەززە دروست دەکات.

سەبارەت بەم هەنگاوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ تیرۆریستان و پارەدارکردنیان، هەروەها دەڵێت، چیتر رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک چ لە ژێر ناوی رێکخراوی خێرخوازی، کۆمپانیا، یان تۆڕە داراییە شاراوەکاندا هاوکاریی حەماس بکات؛ هەموویان ئاشکرا دەکرێن، سزا دەدرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."

یەکێک لە کەسایەتییە دیارە سزادراوەکان مەحموود ئەبیارییە ، کە سەرکردەیەکی باڵای ئیخوان موسلیمینی میسرە و لە بەریتانیا نیشتەجێیە و پۆستی ئەمینداری گشتیی سکرتاریەتی رێکخراوەکەی بەدەستەوەیە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2026ـدا رێکخراوی ئیخوانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی جیهانی دەستنیشان کردبوو.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەبیاری هاوکاریی لە کۆکردنەوەی دارایی بۆ رێکخراوە سزادراوەکانی وەک "Filistin Vakfi" و "Hayat Yolu" کردووە و لە نێو رێکخراوی ئیخواندا کاری بۆ دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ حەماس کردووە، ئەم سزایانەش بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆکایەتیی بەسەریدا سەپێندراون بەهۆی کارکردنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی ئیخوان موسلیمیندا.