لۆبیا و هەنجیری تەق تەق بازاڕیان گەرمکردووە

رۆژانە 75 تۆن لۆبیا هەناردە دەکرێت

تەق تەق
تەق تەق

بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە شارۆچکەی تەق تەق، جوڵەیەکی زۆری بازرگانی لە ناوچەکە دروستبووە؛ رۆژانە دەیان تۆن بەرهەم هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و سەدان خێزانیش لەو ڕێگەیەوە بوونەتە خاوەن کار و داهات.

حاجی سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی تەق تەق، ئەمڕۆ هەینی 24ی تەممووزی 2026 بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند: بەشی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سنووری تەق تەق و دەوروبەری پێگەیشتوون. ئێستا ڕۆژانە بڕێکی زۆر بەرهەم دەگاتە عەلوەی تەق تەق و لەوێوە ساخ دەکرێنەوە، کە زۆربەیان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە دەکرێن.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەق تەق ئاماژەی بەوە کرد، لۆبیا یەکێکە لەو بەرهەمانەی ئێستا بازاڕێکی زۆر گەرمی هەیە و گوتی "رۆژانە نزیکەی 75 تۆن لۆبیا دەگاتە عەلوە و ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت، جگە لەوەی بەشێک لە جوتیاران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن.

تەق تەق بە هەنجیرە تامخۆش و ناوازەکەی ناسراوە. سەباح عوسمان باسی لەوە کرد کە چەند رۆژێکە هەنجیری ناوچەکە کەوتووەتە بازاڕ، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارانبارینی بەردەوام، کەمێک دواکەوتووە. راشیگەیاند "ئێستا رۆژانە نزیکەی 300 کیلۆ هەنجیر دەگاتە عەلوە، بەڵام پێشبینی دەکەین تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب بڕەکە زۆر زیاد بکات، چونکە هەنجیری ئەم ناوچەیە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و خواستی زۆری لەسەرە."

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی وەرزی پێگەیشتنی بەرهەم لە تەق تەق، رەخساندنی هەلیکارە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ دەڵێت "وەرزی رەنین تەنیا بۆ گەنجان نییە، بەڵکو خانەوادەکان بە ژن و کچ و منداڵەوە، بەرەبەیانی زوو دەچنە نێو کێڵگەکان، کرێی رنینی هەر کیلۆیەک بەرهەم 300 دینارە، ئەمەش وایکردووە ڕۆژانە زیاتر لە 21 ملیۆن دینار وەک داهات بۆ خەڵکی سنوورەکە بگەڕێتەوە."

تەق تەق؛ جەمسەرێکی گرنگی کشتوکاڵ
شارۆچکەی تەق تەق، کە سەر بە پارێزگای هەولێرە و کەوتووەتە سەر لێواری راستی زێی بچووک، ناوچەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە. بە دووریی 90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری کەرکووک هەڵکەوتووە. لەو شارۆچکەیەدا زیاتر لە 900 جوتیاری کارا هەن کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوییان بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە و ساڵانە بەرهەمەکانیان بەشێکی گرنگی پێداویستیی بازاڕەکانی ناوخۆ و عێراق پڕ دەکاتەوە.