ئێران: بەرامبەر هەر هاووڵاتییەکی ئێمە سەربازێکی ئەمریکی دەکوژرێت

فەرماندەی بارەگای قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران، لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە بەرانبەر هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی کە بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بکوژرێت، سەربازێکی ئەمریکا دەکوژرێت. 

هەینی 24ـی تەممووزی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران، رایگەیاند ئەو یاسایەی پێشتر لە مەیدانی کاردا بە دوژمنیان سەلماندووە، لەم ساتەوە دەبێتە هاوکێشەیەکی بڕاوە و فەرمی لە مەیدانی جەنگدا.

بەگوێرەی پەیامەکەی عەلی عەبدوڵڵاهی، هەر هێرشێک کە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئێرانی، وەڵامەکەی کوشتنی سەربازێکی ئەمریکی دەبێت، ئەو فەرماندەیە دەڵێت: "لە بەرامبەر شەهیدبوونی هەر یەک لە هاووڵاتییانی سەربەرزی ئێرانی ئیسلامی، هێزێکی ئەمریکی لەناو دەبرێت."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، فەرماندەی بارەگای قەرارگای خاتەمولئەنبیای بە زمانێکی توند ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "بلیتێکی بێبەرامبەر و راستەوخۆمان بۆ دۆزەخ بۆ ئامادە کردوون."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ناوچەکەدا بەردەوامییان هەیە و ئەم جۆرە پەیامانە وەک ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە قەڵەم دەدرێن.

پێشووتر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت: تاران ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ ناکات و ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک ناخرێتە بەرباس، مەگەر ئەوەی داواکارییەکانی سەبارەت بە گەرووی هورمز بەدی بهێنرێن.

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی ئێستای نێوان تاران و واشنتن نەبوونی نێوەندگیر نییە، چونکە پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر هێشتا رۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە لە رێباز و سیاسەتەکانی ئەمریکادایە کە پێویستە بگۆڕدرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک، سەبارەت بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا رووسی، چینی، ئۆکرانی، پاکستانییەکەی و دەستپێشخەرییەکانیان بۆ راگرتنی جەنگ رایگەیاند: "راوێژەکانمان لەگەڵ رووسیا و چین بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو هەیە و لە هەر کوێیەک دەرفەت بێت گفتوگۆ دەکەین، ئەمڕۆش دەرفەتێکی باش بوو لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ وانگ یی و سێرگی لاڤرۆڤ بچینە ناو وردەکارییەکانەوە."

سەبارەت بە رۆڵی پاکستان، عێراقچی گوتی: "سروشتییە لەگەڵ پاکستان وەک نێوەندگیر، گفتوگۆ لەسەر دەستپێشخەری و پێشنیارە جۆراوجۆرەکان هەبێت، بەڵام دیسانەوە جەخت دەکەینەوە کە کێشەی نێوان ئێمە و ئەمریکا نەبوونی نێوەندگیر نییە، بەڵکو رێبازی واشنتنە."

لە درێژەی قسەکانیدا، عێراقچی جەختی لە سەرەوەریی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێران نیشانی داوە کە ناچێتە ژێر باری ملهوڕییەکانی ئەمریکاوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە زمانی زۆرەملێ، گوشار و هەڕەشە وەڵام نادەینەوە. نە لە هەڕەشە دەترسین، نە دەچینە ژێر باری گوشار و نە زمانی هەڕەشەش قبووڵ دەکەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، پاراستنی گەلی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمزدا بەشێکە لە بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکانی تاران و، تا ئەو کاتەی ئامانج و خواستە رەواکانی گەلی ئێران بەدی نەیەن، لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام دەبن.