پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران چاودێریی وردی پرسی بەنزین دەکات
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی و گرتنەبەری چەند رێکارێکی نوێ، هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی بەنزین چڕ کردووەتەوە و گوتەبێژی حکوومەتیش رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا گرفتەکە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تەممووزی 2026، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە بەشداریی شاندێکی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت؛ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەت؛ پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسی ئەنجوومەنی بەنزیخانەکان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی بەنزین بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پێشەوا هەورامانی لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 بە کۆڤان عیززەتی راگەیاند، جگە لەوەی حکوومەت خۆی پلانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین هەیە؛ بەڵام ویستیان، لەو کۆبوونەوەدا، لە نزیکەوە راستەوخۆ گوێ لە پێشنیاز و کێشەی خاوەن بەنزینخانەکان بگرن، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتەکە بدۆزنەوە.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا، خاوەن بەنزینخانەکان چەند هۆکارێکیان خستووەتەڕوو، دیارترینیان بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەکانی دروستکردنی بەنزینی موحەسەن و سوپەر بووە (وەک ماددەکانی MTBE و ETBE). بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن، ئەم ماددانە لە بازاڕەکاندا زۆر گران بوون و هێنانیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان قورس بووە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە بەنزینانە کەم ببێتەوە.
وەک ئەوەی هەورامانی باسی کرد، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، گلەییان لە هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە بەوەی کێشەکەیان لە قەبارەی خۆی گەورەتر کردووە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی بینەر. بۆ نموونە باسی لەوە کرد لە باری ئاساییدا رۆژانە 20 تانکەر بەنزین دەهاتە هەولێر و کێشە نەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 30 تانکەر دێت، سەرەڕای ئەمەش وا نیشان دەدرێت گرفتێکی گەورە هەیە و ترس لای هاووڵاتییان دروست بووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکوومەت تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەت لەگەڵ بەغدا بۆ بەردەوامبوونی ناردنی بەشە بەنزینی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان. روونیشی کردەوە، بەر لەوەی بیر لە گۆڕانکاری لە نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر بکرێتەوە، ئامانجی یەکەمی حکوومەت ئاساییکردنەوەی دۆخی بەنزینی نۆرماڵە، چونکە نزیکەی 60 بۆ 70 سەدی هاووڵاتییان ئەو جۆرە بەنزینە بەکاردەهێنن.
ئاشکراشی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنیی تایبەتە بۆ دابەشکردنی بەنزین، دواتریش گازی ماڵانیش دەخرێتە سەر هەمان ئەپڵیکەیشن.
روونیشی کردەوە، هۆکاری ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکوومەت پاڵپشتیی دارایی ئەو سووتەمەنییە دەکات، بۆیە لەرێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە هەر هاووڵاتییەک پشکی دیاریکراوی خۆی پێ دەگات. ئەمەش رێگە لەوە دەگرێت کەسێک رۆژانە شەش بۆ حەوت جار بڕی 20 لیتر بەنزین تێبکات و دواتر لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشێتەوە یان قۆرخکاری دروست بکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆکوەزیران، پێشەوا هەورامانی هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە مەسرور بارزانی زۆر بەوردی چاودێریی ئەم بابەتە دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بارگرانی لەسەر شانی خەڵک نەمێنێت. پێشبینیشی کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم کێشەیە بەتەواوی کۆتایی بێت.
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی حکوومەت داوای پابەندبوونی ئەخلاقی لە چوار لایەن کرد، سەرەتا داوای لە میدیاکان کرد دۆخەکە نەشێوێنن، لە هاووڵاتییانیش داوای کرد بەبێ پێویستی روو نەکەنە بەنزینخانەکان، هەروەها هۆشداریی دایە بەنزینفرۆشان قۆرخکاری نەکەن، پەیامێکی تووندیشی ئاراستەی ئەو بازرگانە گەورانە کرد ماددەی خراپ تێکەڵی بەنزین دەکەن و رایگەیاند رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی و دارایی دەبنەوە.